سوهه‌یب فاروق زه‌ڵمی
شیعری (دوونامه) ی شێركۆ بێكه‌س یه‌كێكه له شیعره‌كانی ناو شاكاره دیوانی (زێ وزنه) كه شاعیر تیایدا وه‌ك خاسیه‌تێكی هه‌میشه‌یی خۆی خاوه‌نی چه‌ند تێشكاندنێكی زمانیی و واتای خوازه‌یی و وێنه‌ی هونه‌رییه،
كه‌له‌سه‌ره‌تاوه تاكۆتایی ده‌قه‌كه شاعیر تیایدا له رێگه‌ی گۆرانی واتای بنه‌ره‌تی ووشه‌كان و به‌خشینی رۆڵی جیاواز پێیان كه ته‌نیا له زمانی شیعری دا ڕێپێدراوه یاریه‌كی شیعرییانه‌ی به وشه‌كان ئه‌نجام داوه ،كه سه‌رنجی خوێنه‌ر بۆ نێو ده‌قه‌كه راده‌كێشێت.
دوولایه‌نیه‌ك له شیعره‌كه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت ،كه هه‌رله‌خودی ناونیشانه‌كه‌وه (دوونامه) كه خوێنه‌ر په‌لكێش ده‌كات بۆ نێو دنیای ده‌قه‌كه.لایه‌نێكی ئه‌رێنی (پۆزه‌تیڤ) كه هه‌ڵگری كۆمه‌ڵێك چه‌مك و وشه‌ی شادی هێنه‌ر ومژده‌به‌خشن،هه‌روه‌ها لایه‌نێكی نه‌رێنی (نێگه‌تیڤ) كه هه‌ڵگری چه‌مكی نائومێدی وبێهیوایی یه.بۆشیكاری ته‌واوی ده‌قه‌كه لێره‌دا ده‌قه‌كه ده‌كه‌ینه دووبه‌ش، ناوی لێده‌نێَین نامه‌ی یه‌كه‌م و نامه‌ی دووه‌م .
له‌و به‌ینه‌دا
نامه‌ی ئه‌و جوانه‌م پێگه‌یشت
كه كردمه‌وه به‌هارێكی له‌ناو دابوو
پری كردبوو له عه‌شق و
له باران وله به‌یبوون و
ئیتر منیش سه‌ر مێزه‌كه‌م
هه‌مووی بوو به شیعر وئاونگ
هه‌موو نامه‌كه‌م خوێنده‌وه و
له قژیه‌وه تا نینۆكی هه‌مووم ماچكرد (نامه‌ی یه‌كه‌م)
ئه‌مه نیوه‌ی یه‌كه‌می ده‌قه‌كه‌یه كه شاعیر تیایدا نامه‌یه‌كی له رێی جوانێكه‌وه پێگه‌یشتووه .
خودی ناوهێنانی (جوانێك) ده‌كرێ ئاماژه بێت بۆ ( كچێكی جوان) یان هه‌ر نێر ومێیه‌كی جوان یا مه‌به‌ست له ته‌مه‌نی لاوی بێت، هه‌روه‌ها له كاتی كردنه‌وه‌ی نامه‌كه‌دا پربووه له به‌هار كه وه‌رزی سه‌وز بوون و ژیانه‌وه و نوێبوونه‌وه‌یه ،به‌هاره‌كه‌ش پربووه له :
1- عه‌شق : هه‌ڵگری كۆمه‌ڵێك مانا وده لاله‌تی شیعرییه ،په‌یوه‌ندی نێوان وشه‌ی (جوان) و (عه‌شق) په‌یوه‌ندییه‌كی تۆكمه‌یه ده‌توانرێت له چه‌ندین رسته وگرێ وده‌سته‌واژه‌دا گوزارشتی رۆمانسیانه وشاعیرانه‌ی پێ بكرێت.یان ده‌كرێت واتای مرۆڤ بێت كه له‌سه‌رده‌می لاویه‌تی دا زۆرجار ده‌كه‌وێته داوی عه‌شق وخۆشه‌ویستییه‌وه، هه‌روه‌ك له گه‌ڵ به‌هاریشدا ده‌كرێت گوزارشتی پێ له خۆشه‌ویستی وجوانی و عه‌شقی نیشتیمان بكرێت.
2- باران: هێمایه بۆ پاكی وجوانی ونوێبوونه‌وه ،شكاندنی تینویه‌تی ،هۆیه‌كه به‌بۆنه‌یه‌وه دنیا ره‌نگێكی تر وه‌رده‌گرێت ،ژیان به‌رگێكی نوێ ده‌پۆشێت، بێ‌بارانی ته‌نگژه ده‌نێته‌وه ومردن به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت.بارانیش ژیان وزیندو بوونه‌وه.
3- به‌یبوون: جوانی وناسكی تێدایه ،هه‌ستێكی شاعیرانه‌ی هه‌یه كه شاعیر زۆر كات له وه‌سفی جوانی وبایه‌خداری دا په‌نا ده‌باته به‌ر گوڵ ، له‌گه‌ڵ باران وعه‌شق دا یه‌كه‌یه‌كی ته‌واوكه‌ری تۆكمه پێك ده‌هێنن كه عه‌شقه‌كه ده‌گه‌یه‌ننه لووتكه و جوانیه‌كه‌ش بێ له‌كه ده‌كه‌ن. یان ده‌توانین بلێین نامه‌ی جوانێك كه هه‌ڵگری واتای جوانی بێت ،پێویسته هه‌ڵگری وشه‌گه‌لێكی وه‌ك باران ،عه‌شق ،به‌هار،گوڵ بێت یان بێ ئه‌مانه نامه‌یه‌كی كرچ وكاڵ ورۆمانسی نابێت.
له‌كاتی به‌ده‌ست گه‌شتنی نامه‌كه به‌شاعیر ئه‌م سێ حاڵه‌ته ده‌بینرێت.
یه‌كه‌م- سه‌رمێزه‌كه هه‌موو ده‌بێت به ئاونگ .
دووه‌م- هه‌موو نامه‌كه ده‌خوێنێته‌وه .
سێیه‌م- له‌قژیه‌وه هه‌تا نینۆكی نامه‌كه ماچ ده‌كات.
ده‌كرێت بپرسن چی واله‌شاعیر ده‌كات له‌كاتی به‌ده‌ست گه‌یشتنی نامه‌كه‌دا ئه‌م سێ حاڵه‌ته به‌رجه‌سته بێت. بۆوه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره ده‌ڵێین كاریگه‌ری وجوانی نامه‌كه وسه‌لیقه‌ی نێره‌ری نامه‌كه كه جوانێكه ده‌رده‌خات. جگه له‌وه‌ش ده‌رخستن وبیرخستنه‌وه‌ی ئه‌و توانا‌و داهێنانه‌یه كه له‌سه‌رده‌می لاوێتی داهه‌یه.
ده‌كرێت ئه‌گه‌ر نامه‌یه‌كی وه‌ها كاریگه‌ر و رازێنراو نه‌بوایه شاعیر ماچی نه‌كردایه ،دواجار نامه‌كه‌ش سه‌رمێزه‌كه‌ی نه‌كردایه به ئاونگ و بگره له‌كاتی خوێندنه‌وه‌شی دا له‌نیوه‌ی نامه‌كه‌دا ده‌ستی هه‌ڵده‌گرت وه‌ك له نامه‌ی دووه‌م دا روویداوه. له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌موو ئومێد وگه‌شبینیه‌دا شاعیر پاش دوو رۆژ نامه‌یه‌كی تری پێده‌گات ،ئیتر ئه‌و گه‌شبینیه درێژه‌ناكێشێ وسیناریۆی شیعره‌كه و ناخی شاعیر پێچه‌وانه ده‌بنه‌وه.
له‌دوای دوو رۆژ
نامه‌یه‌كم له پاییزه‌وه پێگه‌یشت
كه كردمه‌وه ماچێكی سیسی دایكمی
له ناودابوو
له‌گه‌ڵ هه‌ندێ وشه‌ی چاوته‌ڕ
هه‌ندێ دێڕیش وه‌رینه سه‌ر مێزه‌كه‌م و
ئیتر ته‌م ومژێ هات ودایپۆشیم و
منیش ئیتر له داخاندا ده‌ستم له خوێندنه‌وی
هه‌ڵگرت ! (نامه‌ی دووه‌م)
شاعیر نامه‌ی دووه‌می له پاییزه‌وه پێگه‌شتووه ،ده‌كرێ بپرسین پاییز بۆ ؟ چونكه
یه‌كه‌م- پاییز هێمای وه‌رین و خه‌م و زه‌ردی و به‌ره‌و كۆتایی چوونه .
دووه‌م – پاییز به (پیری وه‌رزان) ناوده‌برێت ،وه‌ك چۆن به‌هار له به‌رامبه‌ر دا به( بووكی وه‌رزان) ناوده‌برێت. له نامه‌ی دووه‌م دا ده‌كرێت پاییز ناوی لێبنێین ( پیریی) من لێره‌دا پاییز ده‌كه‌م به پیری و له‌به‌رامبه‌ر (جوانی) له‌نامه‌ی یه‌كه‌م دا ناو ده‌به‌م .كه ده‌توانین بڵێین شاعیر وه‌ك جوانكارییه‌ك پاییزی له جیاتی پیری ناوبردووه، یان ناوهێنانی پاییز ده‌گونجێ ( وه‌رزی پیری )بێت ، هه‌روه‌ها له دێره‌كانی دواتر دا ئاماژه به ( ماچی سیسی دایك) كراوه كه هه‌مان ئاماژه‌یه بۆ پیری و لێره‌شه‌وه سه‌ره‌تای جیاوازی و پێچه‌وانه‌یی نێوان ( پیری وجوانی) له ده‌قه‌كه دا و له نامه‌كه‌دا ده‌رده‌كه‌ون. هه‌گبه‌ی ئه‌و نامه‌ی له پاییزه‌وه شاعیر به‌ده‌شتی گه‌شتووه ئه‌مانه‌ی تێدابووه.
1-ماچی سیسی دایك: ئه‌مه‌ش هاوواتایه له‌گه‌ڵ واتای پیری و سیس بوون وچرچ ولۆچی هه‌م له روخسار وهه‌م له نووسینی نامه‌كه‌دا كه وه‌ك نامه‌ی مرۆڤێكی لاو رێك وته‌واو نیه .
2- هه‌ندێ ووشه‌ی چاوته‌ڕ: ووشه‌ی چاوته‌ڕ خوازراوه بۆ فرمێسك و ئه‌مه‌ش ناو نانی پاییز به پیری ته‌واو پشت راست ده‌كاته‌وه ، چونكه پیری وگریان یان فرمێسك وپیری هارمۆنیه‌كی باوه‌رپێكراویان تێدایه، له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی نامه‌ی دووه‌م دا به‌پێچه‌وانه‌ی نامه‌ی یه‌كه‌مه‌وه كه (سه‌رمێزه‌كه ده‌كات به شیعر‌و ئاونگ) له نامه‌ی دووه‌م دا ئه‌م لایه‌نه ئاوه‌ژوو ده‌بێته‌وه چونكه (هه‌ندێ دێڕی نامه‌كه ده‌وه‌رنه سه‌ر مێزه‌كه‌ی به‌رده‌م شاعیر) ،ئه‌مه‌ش دیسان ئاماژه‌یه‌كی تری هاتنی پیرییه چونكه له كاتی پیری دا مرۆڤ زۆرێك له ئه‌ندامه‌كانی جه‌سته‌ی ده‌وه‌رن وه‌ك (مووی سه‌ر ) و( ددانه‌كان) كه هاوبه‌رامبه‌رن له‌گه‌ڵ وه‌رینی دێره‌كانی نامه‌كه له شیعره‌كه‌دا . بوونی ماچێكی سیس له نامه‌كه‌دا له‌گه‌ڵ هه‌ندێ ووشه‌ی چاوته‌ر و وه‌رینی هه‌ندێ دێری نامه‌كه بۆ سه‌ر مێزی شاعیره‌كه ،شاعیر ده‌خاته نائومێدی وبێزارییه‌كی زۆره‌وه كه ده‌گاته ئه‌وه‌ی له نیوه‌ی خوێندنه‌وه‌ی نامه‌كه له داخان دا ده‌ست له خوێندنه‌وی هه‌ڵده‌گرێت.
هاتنی ده‌سته‌واژه‌ی ( له‌داخان دا) بێتاقه‌تی و نائومێدی شاعیر له نامه‌ی دووه‌م دا دوپات ده‌كاته‌وه له جیاتی ئه‌وه‌ی وه‌ك نامه‌ی یه‌كه‌م ماچی بكات ،واز له خوێنه‌وه‌ی ده‌هێنێت، لێره‌شه‌وه دیسان جیاوازی وپێچه‌وانه‌ییه‌كانی نێوان پیری وجوانی زه‌ق ده‌كاته‌وه .له نامه‌ی یه‌كه‌م دا جوانی ئومێد به شاعیر ده‌به‌خشێ وبه هیواوه ده‌ژی به‌ڵام له نامه‌ی دووه‌م دا پیری شاعیر نا‌ئومێد ده‌كات و هیواكه‌ی ده‌كوژێت.شاعیر له رێگه‌ی رسته‌ی ( له داخاندا ده‌ستم له خوێندنه‌وه‌ی نامه‌كه هه‌ڵگرت) ویستوویه‌تی دوو حاڵه‌ت نیشان بدات .
حاڵه‌تی یه‌كه‌م- ده‌یه‌وێت ئه‌و ( ده‌ست هه‌ڵگرتنه ) بكاته قفڵێك بۆ داخستنی شیعره‌كه كه زۆر گونجاوه و جوانیه‌كی ئه‌وتۆی به شیعره‌كه به‌خشیوه ، وه‌ك خاڵی كۆتایی پێهێنانی رسته وایه. هه‌روه‌ها شاعیر تێیدا به كردارێك كۆتایی به رسته‌كه هێناوه.ئه‌ویش كرداری ده‌ست هه‌ڵگرتنه ،كه رسته لی باری ئاسایی‌دا له زمانی كوردیدا به كردار كۆتایی دێت.
حاڵه‌تی دووه‌م- ده‌ست هه‌ڵگرتن هاوواتایه له گه‌ڵ وازهێنان كه دیسان ئاماژه‌یه به پیری و كۆتایی ته‌مه‌ن و نائومێدی و وازهێنان له ژیان .
ده‌شتوانین له رێگه‌ی ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه زیاتر تێگه‌یشتن بۆ بابه‌ته‌كه روون بكه‌ینه‌وه كه به‌راوردی نێوان هه‌ردوو نامه به ده‌ست گه‌شتووه‌كه‌ی شاعیره.
نامه‌ی یه‌كه‌م :
1- جوانێك نووسیویه‌تی .
2- به‌هار له نامه‌كه‌دا ئاماده‌یی هه‌یه.
3- باران و عه‌شق وبه‌یبوون سێ پێكهێنه‌ری ناواخنی نامه‌كه‌ن.
4- له‌كاتی گه‌یشتنی ئه‌م نامه‌یه‌دا سه‌رمێزی به‌رده‌م شاعیر ده‌بێته شیعر وئاونگ.
5- شاعیرله قژه‌وه تا نینۆكی نامه‌كه له جوانی دا ماچ ئه‌كا.
6- شاعیر هه‌موو نامه‌كه ده‌خوێنێته‌وه .
به‌ڵام نامه‌ی دووه‌م :
1- پاییز (پیرێك ) نووسیویه‌تی.
2- ماچێكی سیسی دایك له هه‌گبه‌ی نامه‌كه‌دایه.
3- نامه‌كه هه‌ڵگری هه‌ندێك ووشه‌ی چاوته‌ر( فرمێسك) ه.
4- هه‌ندێ دێڕی نامه‌كه له‌سه‌روبه‌ندی گه‌یشتنه ده‌ستی شاعیر ئه‌وه‌رنه سه‌ر مێزه‌كه‌ی.
5- له‌كاتی گه‌یشتنی ئه‌م نامه‌به‌ده‌ستی شاعیر ته‌م ومژێك دای ده‌پۆشێت.
6- له‌داخاندا شاعیر له‌نیوه‌ی نامه‌كه‌دا ده‌ست له خوێندنه‌وه‌ی هه‌ڵده‌گرێت.
به‌سه‌رنج دان له‌م خاڵانه دوولایه‌نی ده‌قه‌كه وجیاوازییه‌كانی نێوان پیری وجوانی به‌روونی به‌ر چاو ده‌كه‌ون. دواجار ده‌ڵێین كاركردنی شێركۆ له‌م ده‌قه‌دا كاركردنه له‌سه‌ر جیاوازییه‌كانی ژیان به هه‌موو جۆره‌كانیه‌وه ته‌مه‌ن و وه‌رزو ته‌نانه‌ت توێژه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و هه‌روه‌ها دۆخه ده‌روونیه‌كانی مرۆڤ وه‌ك (گه‌شبینی وره‌شبینی) ،ئومێد وهیوا كه به‌درێژایی مێژوو مرۆڤ به‌سه‌ر ئه‌م دوو ره‌هه‌نده‌دا دابه‌ش بووه .هه‌ر ئه‌مه‌شه بۆته هۆی ململانێی مانه‌وه .شاعیر له‌م ده‌قه‌دا له رێگه‌ی وێنه شیعرییه‌كانه‌وه ویستویه‌تی وێنای ژیان و جیاوازییه‌كان بكات كاركردنی ئه‌م جیاوازییانه‌شه كه مرۆڤه‌كان به‌سه‌ر هه‌ریه‌كێك له‌م لایه‌نانه دابه‌ش ده‌كات.ٍ




