(ماچ‌و) چیشا، کی ماچ‌و (ماچ‌و) زوانا، ئه‌ی تو ماچی چێش؟
فه‌همی کاکه‌یی
ماچۆ چییه، کێ ده‌ڵێت (ماچۆ) زمانه، ئه‌ی تۆ ده‌ڵێیت چی؟
ئه‌وه‌ی سه‌ره‌وه ناونیشانی گوتارێکه ده‌رباره‌ی (ماچۆ) که له ماڵپه‌ڕی (هه‌ورامان نۆ)* له لایه‌ن به‌ڕێزێکه‌وه به نازناوی (هۆرام) نووسراوه و بڵاوکراوه‌ته‌وه.
من هه‌ر وه‌ک مامۆستایه‌کی زمانی کوردی و نووسه‌رێک که گرنگیم به‌م بواره داوه، هه‌روه‌ها وه‌ک ماچۆئاخێوێک به باشم زانی ئه‌م به‌دوواداچوونه بڵاو بکه‌مه‌وه.
1. نووسه‌ر له گوتاره‌که‌یدا ده‌ڵێت: (من ده‌ڵێم هه‌ورامی زمانه، چوونکه ناوچه‌یه‌ک هه‌یه، که خه‌ڵکانێکی تێدا ده‌ژیت به هه‌ورامی قسه ده‌که‌ن و پێیان ده‌گوترێت هه‌ورامی). پاشانیش نموونه‌ی چه‌ندین وڵات و نه‌ته‌وه و زمانی هێناوه‌ته‌وه بۆ سه‌لماندنی بۆچوونه‌که‌ی، وه‌ک: (ئینگلاند- ئینگلیز- ئینگلیزی)، (عه‌ره‌بستان- عه‌ره‌ب، عه‌ره‌بی) و هتد. دوای ئه‌وه گه‌ڕاوه‌ته‌وه سه‌ر کورده‌که‌ی له مه‌ڕ خۆمان و ده‌ڵێت: (سۆران- سۆرانی)، (کرمانج- کرمانجی)، به بێ ئه‌وه‌ی ئاماژه به شوێنی نیشته‌جێبوونی ئه‌مانه‌ی دوایی بکات، چونکه به پێی ئه‌م تیۆرییه بێت ده‌بێت وڵاتێک بۆ سۆرانیئاخێوه‌کان هه‌بێت به ناوی سۆرانستان و یه‌کێکیش بۆ کرمانجیئاخێوه‌کان به ناوی کرمانجستان. هه‌روه‌ها نووسه‌ر ڕووی ده‌می ده‌کاته ڕێکخه‌رانی فیستیڤاڵی ماچۆ و ده‌پرسێت: ئایا رێکخه‌رانی فیستیڤاڵی ماچۆ ده‌توانن پێمان بڵێن (ماچۆران یا ماچۆرستان) له کوێیه، که‌وتووه‌ته کوێوه؟ ماچۆزمانه‌کان کێن و له که‌یه‌وه هه‌ن؟ ئه‌ی سه‌رچاوه‌ی (ماچۆ) بوونی (هه‌ورامی) کامه‌یه و له که‌یه‌وه به هه‌ورامی ده‌گوترێت (ماچۆ)؟ پاشانیش پێی وایه که خه‌ڵکی دیکه که ده‌ڵێن (ماچۆ) مه‌به‌ستیان جنێوه و به‌م شیوه‌یه خه‌ڵکی سلێمانی گاڵته به هه‌ورامییه‌کان و خه‌ڵکی گه‌رمیان سووکایه‌تی به کاکه‌ییه‌کان ده‌که‌ن، چونکه ئه‌وانیش واژه‌ی (ماچۆ) زۆر به کار ده‌هينن.
مه‌سه‌له‌ی زمان و زاراوه چه‌ندین جار له ماڵپه‌ڕه کوردییه‌کاندا باس کراوه، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی که هه‌ورامی زاراوه بێت یان زمان، بۆیه من لێره بۆچوونه‌کانی خۆم له‌م باره‌یه‌وه دووباره ناکه‌مه‌وه، ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێت بیڵێم ئه‌مه‌یه:
کۆمه‌ڵه‌ی زاره‌وه‌کانی گۆرانی له‌م بنه‌زاراوانه پێک دێت: هه‌ورامی، زازاکی، باجه‌ڵانی، زه‌نگه‌نه، شێخانی، ڕۆژبه‌یانی، شه‌به‌کی، سیامه‌نسووری، کاکه‌یی و هتد. له ڕاستیدا بنه‌زاراوه‌یه‌ک نییه به ناوی کاکه‌یی، به‌ڵام به‌شێکی زۆری کاکه‌ییه‌کان به بنه‌زاراوه‌ی ماچۆ قسان ده‌که‌ن، جگه له‌مه ئه‌گه‌ر تۆ له باجه‌ڵانییه‌ک، زه‌نگه‌نه‌یه‌ک، شه‌به‌کییه‌ک بپرسی به چی قسه ده‌کات، پێت ده‌ڵێت به ماچۆ، هه‌روه‌ها ئه‌مه ئه‌و کاکه‌ییانه‌ش ده‌گرێته‌وه که به‌م بنه‌زاراوه‌یه قسه ده‌که‌ن. مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه ئه‌وانه‌ی به ماچۆ قسه ده‌که‌ن قه‌ت شه‌رمیان له واژه‌ی ماچۆ نه‌کردووه و هه‌رگیز واژه‌ی ماچۆیان وه‌ک جنێو یان سووکایه‌تیپێکردن نه‌زانیوه. ڕه‌نگه نووسه‌ری بابه‌ته‌که ئاگای له ڕیزمان نه‌بێت که ده‌ڵێت کاکه‌ییه‌کان واژه‌ی ماچۆ له‌گه‌ڵ گشت قسه‌یه‌کدا به‌کار ده‌هێنن. مرۆڤ چۆن ده‌توانێت واژه‌یه‌کی زمان هه‌ر له خۆڕایی و به بێ بۆنه به‌کار بێنێت. واژه‌ی (ماچۆ) به مانای (ده‌ڵێت) دێت، وشه‌ی ده‌ڵێتیش له شوێنی خۆیدا به‌کار ده‌هێنرێت و ته‌نێ که باس له که‌سی سێیه‌می تاک ده‌کرێت. بۆ ڕوونکردنه‌وه‌ی مه‌به‌ست واژه‌ی ماچۆ له‌گه‌ڵ ڕاناوه‌کاندا (لای کاکه‌ییه‌کان) به‌م شێوه‌یه به‌کار دبرێت:
من ماچی، من واتم (من ده‌ڵێم، من گوتم)
ئێمه ماچم، ئێمه واتمان (ئێمه ده‌ڵێین، ئێمه گوتمان)
تو ماچی، تو واتت (تۆ ده‌ڵێیت، تۆ گوتت)
شمه ماچدێ، شمه واتتان (ئێوه ده‌ڵێن، ئێوه گوتتان)
ئه‌و ماچۆ، ئه‌و واتش (ئه‌و ده‌ڵێت، ئه‌و گوتی)
ئه‌وشان ماچا، ئه‌وشان واتشان (ئه‌وان ده‌ڵێن، ئه‌وان گوتیان)
تێبینیی ڕاناوه لکاوه‌کان بکه‌ن چۆن به گوێره‌ی که‌سه‌کان و ده‌می فرمان (ڕانه‌بردوو، ڕابردوو) ده‌گۆڕێن. ڕه‌گی (ماچۆ یان ڤاچۆ) وه‌ک فرمانی ڕانه‌بردوو (واچ یان ڤاچ)ه و وه‌ک فرمانی ڕابردوو (وات یان ڤات)ه.
2. له نووسینه‌که‌دا باسی چه‌ند برایه‌کی نووسه‌ر ده‌کرێت، هه‌روه‌ها مه‌ڵبه‌ندی ڕۆشنبیریی هه‌ورامان و دوو پارتی کوردیی و به‌سیاسه‌تکردنی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه، که من لێره‌دا هیچ به‌دوواداچوونێکم له‌سه‌ر نییه و به کاری خۆمی نازانم.
3. له به‌شێکی دیکه‌ی نووسینه‌که‌دا هاتووه: ده‌کرێت ماچۆ زمانی هه‌ورامی یان لقێکی ڕه‌سه‌نی زمانی هه‌ورامی بێت، چونکه: یه‌که‌م، ناوچه‌ی سه‌ربه‌خۆی خۆیان نییه. دووه‌م، کاکه‌ییه‌کانی لای هه‌ڵه‌بجه که نزیکترین کاکه‌یی ناوچه‌ی هه‌ورامانن، به سۆرانی قسه ده‌که‌ن. سێیه‌م، کاکه‌یی نایانتوانیوه (ماچۆ)که‌یان بپارێزن و ئاوێته‌ی عه‌ره‌بی، سۆرانی، هه‌ورامی قسه ده‌که‌ن.
به‌ر له هه‌موو شتێک من هه‌ورامی به زمان نازانم به‌ڵکوو به بنه‌زاراوه‌یه‌کی گۆرانیی ده‌زانم و ئه‌میشیان به‌شێکی گرنگی زمانی کوردییه، جگه له‌مه هه‌بوونی ناوچه‌ی سه‌ربه‌خۆ مه‌رجێک نییه له مه‌رجه‌کانی زمان، هه‌ر بۆ نموونه قه‌ره‌جه‌کان که له زیاتر له 15 وڵات‌دا دژین، نه وڵات و نه ناوچه‌ی سه‌به‌خۆ دیرن، به‌ڵام زمانێکیان هه‌یه قسه‌ی پێ ده‌که‌ن که پێی ده‌گوترێت (ڕوومه‌نی). جگه له‌مه دیاره نووسه‌ری به‌ڕێز له مه‌سه‌له‌ی کاکه‌یی حاڵی نه‌بووه و پێی وایه ئه‌وه‌ی سمێڵی سوور بوو هه‌مزه ئاغایه، به‌ڕێزم هه‌موو کاکه‌یی به ماچۆ قسه ناکه‌ن، کاکه‌یی له‌کی تێدایه، چۆڵمه‌کی تێدا، هه‌ره‌وه‌ها جاف و زه‌نگنه و هه‌فته‌خاری و هه‌مه‌وندی و قه‌ره‌سه‌نی و هتد، جگه له‌مه مه‌سه‌له‌ی پاراستن یان نه‌پاراستنی ماچۆ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵتدا نیم هۆکاریی بابه‌تیی خۆی هه‌یه، نه‌ک هه‌ر زاراوه‌کان به‌ڵکوو زمانه‌کان هه‌ر هه‌موویان کار و کاردانه‌وه‌یان به‌سه‌ر یه‌که‌وه هه‌یه و زۆربه‌ی جار کاردانه‌وه‌ی باش نه‌ک خراپ، که باسکردنی لێره‌دا کاتێکی زۆر ده‌بات.
4. پاشان نووسه‌ر دێته سه‌ر خاڵێكی دیکه و ده‌بێژێت: ئه‌گه‌ر هه‌ورامی زمانی ڕه‌سه‌نی ئا‌ڤێستا بێت، ئه‌وه کاکه‌یی زه‌رده‌شتیی نین و به‌ڵکوو کڵام (سرووده ئایینیه‌کانی یارسان) نزیکی ته‌ریقه‌تی ئیسلامی و سوننه‌ته، سوێندخواردنی کاکه‌ییه‌کان ده‌یسه‌لمێنێت که یارانی سوڵتان ئیسحاقن و سوڵتان ئیسحاقیش ناودارێکی ئیسلامه و وه‌ک ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی و قادری و ته‌ریقه‌ته‌کانی دیکه شوێنکه‌وتووی خۆی هه‌یه، ئه‌گه‌ر نزیگایه‌تیی زمانی نووسینی کڵام له‌گه‌ڵ هه‌ورامیدا هه‌بێت، ئه‌وه ده‌گه‌ڕیته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ورامی له‌و سه‌رده‌مه‌دا ته‌نیا زمانی نووسینی ناوچه‌که بووه.
من نازانم ئه‌م بڕگه‌یه شه‌فاعه‌تێکمان بۆ ده‌کات یان نا، به‌ڵام ده‌توانم بێژم سه‌رله‌به‌ری ڕاست نییه، چونکه ئایینی یارستان ده‌گه‌ڕیته‌وه بۆ به‌ر له په‌یدابوونی ئیسلام و مۆرکی فه‌لسه‌فه‌ی ئایینه‌کانی مانه‌وی، مه‌زده‌کی و زه‌رده‌شتیی زۆر به ئاشکرا پێوه دیاره. ڕاسته سوڵتان ئیسحاق کوڕی شێخ عیسای به‌رزه‌نجییه و ئه‌میش شێخێکی ناوداری موسڵمانی سوننه‌یه، به‌ڵام سوڵتان دامه‌زرێنه‌ری ئه‌م ئایینه نییه به‌ڵکوو نوێکه‌وه‌ره و یاسادانه‌ریه‌تی، جگه له‌مه زمانی نووسین له‌وسه‌رده‌مه‌دا ته‌نێ هه‌ورامی نه‌بووه، ئه‌وه‌تا عابه‌دینی جاف و نێرگز خانمی شاره‌زووری که کچی مه‌لا ئه‌لیاس و خێزانی عابه‌دین بووه و هه‌ردوویان له یارانی سوڵتان بوون هه‌ر به جافی (سۆرانی) سرووده‌کانی خۆیان هۆنیوه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها پیر ئه‌حمه‌دی که‌رکووکی و پاشتریش ئێڵ به‌گی جاف. جگه له‌مه هه‌موو ئه‌و مه‌لایانه‌ی شاره‌زوور که له زه‌مانی سوڵتاندا ژیاون و دژ به ڕێوڕچه‌ی یارستان بوون، وه‌ک: مه‌لا ئه‌لیاس (باوکی) نێرگز خانم، مه‌لا جامی، مه‌لا سووره، مه‌لا غه‌فوور، مه‌لا نه‌سوور، مه‌لا قودوور، مه‌لا شوکروڵڵا، مه‌لا شه‌فیع و هتد، ئه‌مانه هیچیان به هه‌وارمی نایاننووسیوه.
5. له دوواییدا نووسه‌ر فیستیڤاڵی ماچۆ به ده‌ستکیسه‌ی فه‌له‌که‌دین کاکه‌یی ده‌زانێت و به فریودانی کاکه‌ییه‌کانی داده‌نێت، چونکه کاتی هه‌ڵبژاردنه و ئه‌مان ده‌توانن له که‌رکووکدا کاریگه‌ریی بخه‌نه سه‌ر هاوسه‌نگیی ده‌نگه‌کان.
به‌ڕێزم! ماچۆ وه‌ک پێشتر ئاماژه‌م پێی دا ته‌نێ زاراوه‌ی کاکه‌ییه‌کان نییه و هه‌موو کاکه‌ییش به ماچۆ قسه ناکه‌ن، مامۆستا (فه‌له‌که‌دین کاکه‌یی)یش ئێستا وه‌زیر نییه تاکوو پلان و پیلان داڕێژێت، ڕاسته که‌رکووک وه‌ک سه‌نته‌ری کاکه‌ییه‌کان ده‌ژمێردرێت و قورساییه‌کیان هه‌یه له‌م شاره‌دا، به‌ڵام بۆ دڵنێایی هه‌موو لایه‌ک فیستیڤاڵی ماچۆ ببه‌سترێت یان نا هیچ کاریگه‌رییه‌کی به‌سه‌ر ده‌نگدانه‌وه نابێت، به پێی زانیاریی من کاکه‌ییه‌کانی که‌رکووک خۆیان یه‌کلایی کردووه‌ته‌وه و ده‌نگی خۆیان ده‌ده‌ن به لیستی کوردستانی، نه ئه‌مه پروپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردنه و نه منیش گام له گایه‌لدا هه‌یه.
سوێد
ئی پۆسته سپاما. پێویستا جاڤاسکریپت چالاک بۆ, you need JavaScript enabled to view it
بۆ خوێندنه‌وه‌ی نووسینه‌که‌ی به‌ڕێز هۆرام کرته‌ی ئه‌م لینکه بکه‌ن.
*http://www.hawramanno.net/yane/articles/263-2010-01-12-22-39-05.html#comments




