
به‌شی چواره‌م
یه‌که‌م
وه‌ك له‌کۆی تاوه‌کو ئێستای بابه‌ته‌که‌دا خرایه ڕو ، له‌سه‌رده‌م و سێبه‌ری ئه‌و گرێ ده‌رونیانه‌دا ، ئه‌وه‌ی نه‌ده‌بو کورد بیری لێبکاته‌وه ، لێی کرده‌وه . ئه‌وه‌ی ده‌بو بۆ هه‌میشه بڤه بکرایه ، ئاسایی کرایه‌وه . ئه‌وه‌ش نه‌ده‌بو له‌گه‌ڵ خۆیدا بیکات
گرێده‌رونیه‌کان ، گۆڕستانێك بۆ کۆمه‌ڵگه ..
به‌شی چواره‌م
یه‌که‌م
وه‌ك له‌کۆی تاوه‌کو ئێستای بابه‌ته‌که‌دا خرایه ڕو ، له‌سه‌رده‌م و سێبه‌ری ئه‌و گرێ ده‌رونیانه‌دا ، ئه‌وه‌ی نه‌ده‌بو کورد بیری لێبکاته‌وه ، لێی کرده‌وه . ئه‌وه‌ی ده‌بو بۆ هه‌میشه بڤه بکرایه ، ئاسایی کرایه‌وه . ئه‌وه‌ش نه‌ده‌بو له‌گه‌ڵ خۆیدا بیکات ، کردی .
جا له‌و سێبه‌ره‌دا چی نه‌کرا ! مرۆڤایه‌تی تێدا لاقه کرا ، سوکایه‌تی کرایه سیاسه‌ت ، جنێوفرۆشی کرایه داهێنان ، نیشانه‌ی قاره‌مانێتی به‌به‌رۆکی چاکترین جنێو فرۆشدا ده‌کرا . نیشتمانفرۆشی کرایه نیشتمان پاریزی ، پیرۆزییه‌کان هه‌ڕاجفرۆش کران . بته بێ ماناکان کرانه تابلۆ و پیرۆز کران . جاسوسی‌کردن به‌سه‌ر کورده‌وه کرایه نیشیمانپه‌روه‌ری و به‌رگی شۆڕشگێڕی به‌باڵادا کرا . کورد کوشتن ده‌یان جه‌نراڵی به‌رهه‌مهێنا .
له‌شه‌ڕی وشه‌وه ، له‌یه‌خه‌پێگرتنی چه‌مکه‌کانه‌وه ، له‌دابه‌شکردنی ڕه‌نگه‌کانه‌وه ، هه‌مو کۆمه‌ڵ فێری هونه‌ری شه‌ڕ کرا . شار و دێهات ، گه‌ڕه‌ك و کۆڵان ، ته‌نانه‌ت خێزانیش نه‌ما سه‌نگه‌ربه‌ندی تێدا نه‌کرێت . مێرمنداڵه‌کان له‌یاریگای نێو کۆڵانه‌کانه‌وه بانگهێشت کران ، چه‌کی شه‌ڕی ( قوتابی و خوێندکار ) یان ، به‌دیاری پێشکه‌ش کرا . به‌به‌رگی ڕه‌نگی زه‌رد و سه‌وزه‌وه ، به‌رگی مه‌یدانی شه‌ڕیان پێ له‌به‌رکرا .
ئیتر ( قوتابی و خوێندکار ) ڕه‌نگی ( زه‌رد و سه‌وز ) فراوانترین جومگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی ، به‌کارترین هێزی مرۆیی ، دابه‌شی دوبه‌ره کرد . له‌یه‌ککاتدا وشه‌ی قوتابی ده‌یکرده باش و ده‌یکرده جاش . وشه‌ی خوێندکار ده‌یکرده پێشکه‌وتو ده‌یکرده پاشکه‌وتو ، ده‌یکرده کۆنه‌پارێز و ده‌یکرده شۆڕشگێڕ و ئازادیخواز .
ئه‌م دابه‌ش و پۆلێنکردنه ، دابه‌ش و پۆلێن‌کردنی گۆڕه‌پانی وه‌رزش نه‌بو . وه‌ك ده‌زانرێت وه‌رزش هه‌ڵگری په‌یامی ئاشتی و خۆشه‌ویستییه ، به‌ڵام په‌یامی ئه‌م ، په‌یامی بوغز و کینه بو ، په‌یامی یه‌کتر سڕینه‌وه ، فه‌ناکردنی به‌رامبه‌ر ، کێشانی هێڵی دۆست و دوژمن . بینینی هه‌مودیمه‌نه‌کان به‌ڕه‌ش و سپی . ده‌رنجام تووڕه‌بونێکی بێتام ، له‌ئازادی بو .
* هه‌ر له‌و سۆنگه‌یه‌وه ، ( یه‌کێتتی و سکرتاریه‌تی ) مامۆستایان ، بونه زامی تیراوێ و به‌ناخی مامۆستادا ڕۆچون . نرخ و به‌هاکانی مردو شۆر کردن . وه‌ك ده‌زانرێت مامۆستایان له‌هه‌مو کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا توێژێکی گرنگن ، چونکه وه‌زیفه‌یانه که‌سایه‌تی به‌هێز و ته‌ندروست له‌نه‌وه‌ی نوێی کۆمه‌ڵدا به‌رهه‌مبهێنن . جێگای سه‌رنجێکی پڕ بایه‌خن ، چونکه وه‌ك مامانێکی شاره‌زا توانا له‌نه‌وه‌ی نوێ‌دا مه‌شق پێده‌که‌ن و به‌گه‌ڕی ده‌خه‌ن . ئاستی زانین و زانیاری فراوان و گه‌شه پێده‌ده‌ن .
که‌چی وشه‌ی ( یه‌کێتی و سکرتارییه‌ت ) هه‌مو ئه‌و وه‌زیفانه له‌کار ده‌خات . کێ له‌نێو یه‌کێتی مامۆستایانه ، ئه‌وه باشه . هاوکات ده‌یشیکاته خراپ . هه‌روه‌ك چۆن ئه‌وه‌ی له‌نێو سکرتاریه‌تی مامۆستایانه ، مامۆستای عه‌یار بیست و چواره و شایسته به‌ڕێز لێنانه ، گه‌رچی ئاستی ده‌رچون له‌وانه‌که‌یدا له‌ئاستێکی نزمیشدا بێت ! ئه‌وه تاوانی ئه‌و نییه ، گوایه ئه‌وه خوێندکاره‌کان خۆیان لاسارن و گوێ ناگرن ، گه‌رنا ئه‌م له‌میتۆدی وانه وتنه‌وه‌دا له‌و په‌ڕی که‌ماڵدایه !! کامه‌ش له‌نێو یه‌کێتی مامۆستایاندایه ، ئه‌وه خراپه ، سه‌ر‌نه‌که‌وتوه ، پێویسته سزا بدرێت و فڕێ بدرێت بۆ دورترین شوێن . با ئاستی سه‌رکه‌وتنیش له‌وانه‌کانیدا له پله‌یه‌کی زۆرباشیشدا بێت . ئه‌وه به قودره‌تی قادر قوتابیه‌کان هه‌ر خۆیان زیره‌کن ، گه‌رنا هیچ ده‌ستێکی ئه‌می تێدا نییه !!
ده‌زانم ئه‌و واقعه تفته ، تاوه‌کو ئاستی تاڵی . منیش خوازیار بوم پیچه‌وانه‌که‌ی بوایه . به‌ڵام ئه‌وه هه‌قیقه‌ته و ده‌رنجامی گرێ ده‌رونییه‌کانه که تاوه‌کو ئێستاش به‌رده‌وامیان هه‌یه ، ده‌خوازن به‌ره‌و شوێنێکی نادیده خه‌ڵك و خاکی کوردستان ڕاکێشن . ئه‌وه گه‌رچی له‌مێژوی ئێمه‌دا ڕویداوه به‌ڵام بۆته به‌شێك له‌بیرکردنه‌وه‌ی ئێمه . ئاستمه له‌کۆڵمان بێته‌وه تاوه‌کو نه‌یسه‌لمێنین . ناتوانینین به‌ره‌و ئاینده ڕێبکه‌ین گه‌ر نه‌زانیین بۆچی وه‌ستاوین . هه‌نگاو به‌ره‌و پێشه‌وه هه‌ڵگرتن ئاسان نییه گه‌ر به‌شێك له ڕابوردومان جێنه‌هێڵین . ئه‌وه‌ش ئاستمه گه‌ر نه‌زانیین بۆچی جێی ده‌هێڵین !!
ئاخر خوێندکاران کتێب کۆیان ده‌کاته‌وه چونکه هه‌مویان له‌سه‌ری ده‌خوێنن . تیانوس ( ده‌فته‌ر ) و پێنوس ده‌بنه داواکاریان ، چونکه پێداویستی هه‌مویانه . جۆری مێز ده‌بێته بابه‌تیان چونکه هه‌مویان له‌سه‌ری داده‌نیشن . له‌خویندنگا ده‌پرسن ، چونکه هه‌مویان تێیدا ده‌خوێنن . مامۆستا بۆیان ده‌بێته گرفت ، چونکه هه‌مویان لێوه‌ی فێر ده‌بن . ته‌واوی پێداویستیه‌کان پێکه‌وه گرێیان ده‌ده‌نه‌وه نه‌ك کراسی زه‌رد و سه‌وز . نه‌ك کێشه‌ی ( قوتابی و خوێندکار ) ببێته بابه‌تی سه‌ره‌کیان . داکۆکییکردن له‌مافه‌کانیان ئه‌رکی هه‌مویانه ، هه‌روه‌ك چۆن پێداگریی له‌باش به‌ڕێوه‌چونی پرۆسه‌ی خوێندن مافی هه‌مویانه . دواجار سه‌لماندنی مافه‌کانیان ئه‌رکی ده‌سه‌ڵاته و بۆ گشته .
ئاخر ئه‌م توێژه گرنگه به‌رفراوانه‌ی کۆمه‌ڵ ، پێویسته به‌مه‌به‌ستی ڕسکاندن و گه‌شه‌کردنییان وه‌ك ڕێکخراوه‌یه‌کی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی هاوکاری و ئاسانکارییان بۆ بکرێت . نه‌کا به‌هه‌ر پاساوێکه‌وه بێت چه‌واشه بکرێن . چونکه له‌گه‌شه‌کردنیاندا ، ده‌توانن به‌شداری ناڕاسته‌و خۆ له‌پێکهێنانی بڕیاری سیاسی‌دا بکه‌ن .
گه‌ر ئه‌م توێژه گرنگه گه‌شه نه‌که‌ن ، له‌سه‌ر داخوازیه‌کانیان ده‌یان لێکۆڵینه‌وه و شرۆڤه‌کاری نه‌که‌ن ، بژاری که‌مایه‌سییه‌کانی پرۆگرامی خوێندن ناکرێت . پرۆسه‌ی خوێندن به‌ره‌و پێشه‌وه ناچێت . ده‌ره‌نجام ئاستی زانیین له‌سه‌ر ئاستی وڵات به‌شێوه‌یه‌کی گشتی به‌رده‌وام کێرفکه‌ی به‌ره‌و خوار ملده‌نێت . کۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی خاڵیده‌کرێته‌وه له‌مانا .
سه‌مه‌ره‌یه ، له‌ماوه‌ی دوانزه ساڵی سێبه‌ری گرێده‌رونیه‌کان ، نه‌کتێب و نه‌پرۆگرامی خوێندن ، نه‌تیانوس و نه‌پێنوس ، نه‌هیچکام له‌هۆکاره‌کانی دروستبونی ڕێکخراوه‌یه‌کی خوێندکاری نه‌بونه بابه‌تێکی جددی . له‌و هێنان و بردنه‌دا مافه‌کان هه‌مو کوژران ، جیاوازییه‌کان له‌به‌ین بران . به‌ڵام داخۆ خوێندکارێکی ئه‌و سه‌رده‌مه چه‌ندجار بۆ پۆشینی کراسێکی ڕه‌نگ سه‌وز له‌وڵاتی زه‌ردا توشی دڵه‌ڕاوکێ بوه و گرفتی بۆ دروست بوه ، بۆ هاوڕێ خوێندکاریه‌کانی ( یه‌کێتی قوتابیان ) بۆته بابه‌تێکی جددی ! یان چه‌ندجار ناسنامه‌ی ( یه‌کێتی قوتابیان ) له‌وڵاتی سه‌وزدا خه‌ریك بوه سه‌ری قوتابی به‌تیاچون بدات ! ئه‌ی ده‌بێت بۆچی و که‌ی ڕه‌وای هه‌قه له‌یه‌ك کاتدا هه‌واڵی داگیرکردن و ڕزگارکردنی ( کڵاوقاسم و که‌پکی حه‌مه‌داغا ) خوێندکار له‌زانکۆی سلێمانی یان له‌زانکۆی سه‌لاحه‌دین توشی ترس و دڵه‌ڕاوکێ بکات و بیخاته به‌رده‌م مه‌ترسی تۆڵه‌کردنه‌وه !!
ئه‌وه ته‌نها وێنه‌یه‌که له ئاسه‌واره‌کانی هه‌یمه‌نه‌ی حزبایه‌تی که چۆن گرنجه‌کانی کۆمه‌ڵی کورده‌واری سواندوه . گه‌رنا هه‌ر جومگه‌یه‌کی دیکه‌ی کۆمه‌ڵ بگری به‌هه‌مان ده‌رد براوه .
* هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ، ( کۆمه‌ڵه و یه‌کێتی ) هونه‌رمه‌ندان که‌متری له ( خوێندکار و قوتابی ) خوێندکاران نه‌کرد . هونه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی له بیرکردنه‌وه‌ی هونه‌رمه‌نددا کرده په‌شم . گرنگ نه‌بو هونه‌رمه‌ند چشاکارێکی هونه‌ری پێشکه‌ش به‌گه‌ل و وڵات ده‌کات ئه‌وه‌نده‌ی گرنگ بو سه‌ر به (کۆمه‌ڵه‌ی هونه‌رمه‌ندانه یان یه‌کێتی هونه‌رمه‌ندان ) و چی پێشکه‌ش به حزب ده‌کات . ( له‌گه‌ڵ ڕێزی زۆرمدا ) هونه‌رمه‌ند خرایه نێو بازنه‌ی شه‌ڕێکه‌وه که‌نه‌ده‌بو کورد به‌شێوه‌یه‌کی گشتی بیکات و نه‌له‌بنه‌ڕه‌تیشدا کاری هونه‌رمه‌ند بو .ئه‌م ڕیزبه‌ندیه ئه‌وه‌نده‌ی کاری حزبی بو به‌هیچ ئه‌وه‌نده چالاکبونی هونه‌رمه‌ندان نه‌بو . کێ حزبیی باش بو ئه‌وه هونه‌رمه‌ندی باش بو . کامه‌ش هونه‌رمه‌ندی باش بوایه به‌ڵام بڕوای به‌و ڕیزبه‌ندیه نه‌بوایه ئه‌وه له په‌راوێزی فه‌رامۆشیدا هه‌ر خه‌ریکی پیاسه‌کردن بو ، له‌گۆشه‌ی چاخانه‌کاندا کاری ده‌بویه ( ئاخخ ) هه‌ڵکێشان و ده‌رده‌شه‌ی خه‌مه‌کانی ده‌کرد .
له‌و ڕێگایه‌وه ده‌یان شاکاری هونه‌ری پێش ئه‌وه‌ی له‌دایك بن له‌سه‌ر مێزه حزبیه‌کاندا بۆ هه‌تا هه‌یه سه‌ربڕان و سوره‌تی موباره‌کی فاتحه‌یان له‌سه‌ر خوێندرا ! هاوکات ده‌یان کرده‌ی لاوه‌کیمان به‌نرخی هونه‌ر پێفرۆشرا ، دنیایه‌ك چه‌پڵه‌شمان بۆ لێدان بێئه‌وه‌ی ته‌مه‌نیان له‌ته‌مه‌نی به‌سه‌رچونی خه‌یار و ته‌ماته زیاتر بێت . ئیتر به‌شێکی زۆری هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه بو ، موسیك به‌ره‌و زه‌مانی ئوردوگا زۆره‌ملێکان پێچی کرده‌وه . جه‌ماوه‌ری شانۆ به توڕه‌ییه‌وه ملی ڕێگای ماڵه‌وه‌یان گرته‌به‌ر و ده‌رگاکانیان له‌سه‌ر خۆیان کڵۆم کرد . هه‌ر لێره‌شه‌وه بو ، هۆڵه‌کان له‌کاتی پێشکه‌شکردنی شانۆکاندا بونه چۆڵه‌وانی و مرۆڤ که له‌نێویاندا ئاماده‌ی ده‌بو سامی لێده‌نیشت .
ده‌رنجام هونه‌ر تاقه‌تی ڕێکردنی به‌ره و پێشه‌وه‌ی لێبڕا ، لۆژه لۆژ به‌ره‌و سه‌رده‌می خوله پیزه گه‌ڕایه‌وه ، به‌ره‌و سه‌رده‌می تاشینی بانگردێن و جه‌نجه‌ڕ و دارجگه‌ره تاشین گلۆر بویه‌وه . هینده سه‌رکه‌وتن به‌سه‌رشاخدا ، دانیشتن له‌بن داربه‌ڕو ، تێپه‌ڕین له‌نێو دۆڵدا ، سوار بونی ئه‌سپ و قه‌تاره‌ی مێروله‌ئاسای مرۆڤه‌کان وێنا بویه‌وه ته‌ماشاچی بێزار و وه‌ڕس بو . کاری سه‌ره‌کی بویه به‌رگدرونی کاڵای هونه‌ری بۆشه‌ڕه قیزونه‌کان ، فڵچه‌لێدانی به‌رگی قاره‌مانێتی بۆ پیاوه بسته‌باڵا گرگنه‌کانی سیاسه‌ت ، به‌خشینه‌وه‌ی ناسنامه‌ی ئازایه‌تی و جوامێری بۆ بکوژانی دیله‌کانی مه‌یدانی شه‌ڕی کورده کوژه ..
به‌و جۆره‌ش جومگه‌ی هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندان له‌وه‌زیفه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان ده‌رچون ، ئه‌ندێشه‌ی هونه‌ری کرایه گه‌مه‌پێکردنی دێوانه‌کان ، له‌سه‌رشه‌قام و نێو کۆڵانه‌کان له‌ڕێگای منداڵه چه‌تونه لاساره‌کانه‌وه . له‌دواجاردا له‌ژێر هه‌یمه‌نه‌ی حزبدا خاڵیکرانه‌وه له‌مانا .
وه‌نه‌بێ تراژیدیای حزب له وڵاتی ئێمه‌دا ، له‌ئاکامی گرێ ده‌رونیه‌کاندا به‌تێپه‌ڕاندنی له دو سێ جومگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیدا بگاته ڕاده‌ی تێر بون و کۆتایی پێ بێت . کاره‌سات له‌وه‌دایه گرێده‌رونیه‌کان سنور ناناسن و ته‌واوی ژیان له‌خۆیاندا کۆده‌که‌نه‌وه ، هه‌ر به‌خۆشیان ده‌یبینن . به‌جۆرێك لای ئه‌وان ژیانێك ژیان نییه گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌وان بونیاد نه‌نرا بێت ..
* هه‌ر له‌وڕوانگه‌وه سه‌رنجبده‌ن ! که‌چۆن توخمی مێی ڕه‌گه‌زی مرۆڤ ، که‌موبچوك ده‌که‌نه‌وه و له‌قاڵبی ( ئافره‌ت و ژنانی ) توند ده‌که‌ن و داده‌تاشن . ئه‌وان که‌ژن وه‌ك بونه‌وه‌رێکی هاوشان و هاوبه‌ش له بونه مرۆییه‌کاندا نابینن چۆن ده‌توانن کێشه‌که‌یان وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌یه ، ببینن ! خواستنی چه‌ند زاره‌وه و ڕسته‌یه‌ك و جێپێ گرتنی له‌کارنامه‌یاندا ، به‌کاربردنیان له‌ساتی به‌نگه‌شه‌کردنیان به‌مه‌به‌ستی سه‌رمه‌ستکردنی ژنان ، کۆکردنه‌وه‌یان له‌بۆنه حزبیه‌کاندا ، ناکاته گرنگی دان به‌مه‌سه‌له‌ی ژن و کێشه‌کانی . که‌سێك ، لایه‌نێك ، ته‌نها له‌و ڕوانگه‌وه سه‌رنجبخاته سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ژن چۆن ده‌توانێت کێشه‌ی ژن وه‌ك کێشه‌یه‌کی هه‌مه‌گیری مرۆیی ببینێت !! هه‌مو دنیا بینی ئه‌وان به‌رامبه‌ر به‌ژن و چۆنیه‌تی هه‌ڵسوکه‌وتکردن له‌گه‌ڵیدا ، ئه‌وه‌نده‌ی بینینیه‌تی وه‌ك که‌مالیات بۆ وه‌رگرتنی چێژه هه‌وه‌سبازیه‌کان ، ئه‌وه‌نده‌ی سه‌رنجخستنه‌سه‌ریه‌تی وه‌ك خزمه‌تکار له‌کاتی نیشتنه‌وه‌ی ئاره‌زوه هه‌وه‌سبازیه‌کانیاندا ، له‌کۆدا ئه‌وه‌نده‌ی پێیان وایه بۆ خزمه‌ت به‌پیاو هاتۆته بون ، ئه‌وه‌نده وه‌ك ته‌واوکاری ژیان به‌مانا یه‌کسانیه‌که‌ی له‌گه‌ڵ پیاودا ، نایبینن .
ئاخر کێشه‌ی ژن ، کیشه‌یه‌کی حه‌یاتییه ، په‌یوه‌ندی به‌سه‌رله‌به‌ری ژیانه‌وه هه‌یه . که بڕیاری سروشته ( مرۆڤ ) بونه‌ووه‌رێکی کۆمه‌ڵایه‌تیه ، پیاویش هاوشێوه‌ی ژن مرۆڤه . ئیتر نابێت کێشه‌ی ژن نه‌بێته کێشه‌ی پیاو ، هه‌روه‌ك چۆن کێشه‌ی پیاویش کێشه‌ی ژنه . واته کێشه‌کانیان کێشه‌یه‌کی مرۆیین و له‌بازنه‌ی ژیاندا گرێدراوی یه‌کترین . مه‌گه‌ر له‌کاتێکدا پیاو بتوانێت خۆی له‌کێشه‌ی ژن جیابکاته‌وه که‌خۆی بخاته ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی ژیانه‌وه و خۆی به‌بونه‌وه‌رێکی سه‌روی مرۆڤ بزانێت . ئه‌مه‌ش ئاسته‌مه و شیاوی جێبه‌جێکردن نییه چونکه له‌بنه‌ڕه‌تدا پێچه‌وانه‌ی سروشته . ڕاستیه‌که‌ی له‌جهانبینی کۆمه‌ڵی پیاوسالاری ئێمه‌دا ، ژن خراوه‌ته ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی ژیانه‌وه و له‌کاییه و خه‌سڵه‌ته‌کانی مرۆڤبوندا بێبه‌ری کراوه . له‌وڕونگه‌وه پیاوی کوردی پێی وایه به‌ته‌نها خۆی مرۆڤه و ژن بونه‌وه‌رێکی نزمتره له مرۆڤ . واته له‌پاشخانی بیرکردنه‌وه‌ی پیاوی کوردی‌دا مرۆڤ ته‌نها پیاوه ، ژنیش ته‌نها له‌ڕوانگه‌ی جه‌سته‌وه له پیاو ده‌چێت و ده‌یکاته‌وه به‌سێبه‌ری خۆی .
هه‌رحاڵ ، به‌بڕوای من کێشه‌ی ژن لێره‌وه ده‌ست پێده‌کات و واته له‌چۆنیه‌تی جهانبینی پیاوه وه بۆ خۆی و بۆ ژن ، بۆ ته‌واوی په‌یوه‌ندیه‌کانی پیاو له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ری و کۆی ژیاندا سه‌رچاوه ده‌گرێت و تایبه‌تمه‌ندی وه‌رده‌گرێت . به‌جۆرێك ئاسته‌مه تاوه‌کو ئه‌م هاوکێشه‌یه له‌بیرکردنه‌ووه‌ی پیاودا ڕاست و هاوسه‌نگ نه‌کرێته‌وه قسه‌کردنێکی جددی بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی ژن بڕواته مه‌یدانی پراکتیزه‌کردنه‌وه .
به‌ڵام سه‌ره‌ڕای تێنه‌گه‌یشتنی حزب له‌سروشتی کێشه‌ی ژن ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له بنه‌ڕه‌تدا که‌سێکی ناوێت وه‌ك خۆی بیربکاته‌وه . ئه‌و ده‌خوازێت وه‌ك حزب بیر بکاته‌وه ، هه‌ر ئه‌و شتانه ببینێت که حزب ده‌یبینێت ، تیگه‌یشتن و ڕێکردنی له‌چوارچێوه‌ی حزبدا بێت . له‌دیدگای ئه‌ودا کێشه‌ی کۆمه‌ڵ هه‌ر ئه‌وانه‌ن که‌له‌نێو حزبدا هه‌ن . حزب سه‌لامه‌ت بێت وڵات سه‌لامه‌ت و گه‌ل ئارامه . هه‌ر بۆیه ژنان به‌زاراوه‌ی ( ژنان و ئافره‌تان ) سه‌رگه‌رمی شه‌ڕێك ده‌کات که به‌هه‌رد و باره‌که‌دا هه‌ر ژنه تێیدا قوربانیی نمره یه‌که‌و پیاویش به جه‌لادی نمره یه‌ك ده‌کات . له‌بیرکردنه‌وه‌ی حزبدا باشترین ژن ئه‌و ژنه‌یه له‌نێو ( یه‌کێتی ژنان ) دا بێت خراپه‌کانیش ئه‌وانه‌ن له‌نێو ( یه‌کێتی ئافره‌تان ) ن ، له‌کاتێکدا پێچه‌وانه‌که‌شی له‌و بیرکردنه‌وه‌یدا هه‌ر ڕاست ده‌رده‌چێت . ئه‌مه ئاماژه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی له کوردستاندا هیچ ژنێك باش نییه ، چونکه ژنانی نێو ( یه‌کێتی ژنان ) له‌دیدگای حزبدا خراپن ، ئه‌وانه‌ش له‌نێو ( یه‌کێتی ئافره‌تان ) ن له‌دیدگای حزبدا هه‌ر خراپن ، خۆ ئه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م ڕیزبه‌ندیه‌ش خراپی خراپتر .
واته حزب ( یه‌کێتی ژنانی ) ناوێت وه‌ك ئه‌وه‌ی ببێته شوێن یه‌کگرتنه‌وه‌ی ئه‌و ژنانه‌ی که‌باس له‌کێشه‌ی ژن و گوزارشت له ژنایه‌تی خۆیان بکه‌ن ، دروست ئه‌مه‌ش بۆ ئافره‌تانی نێو ( یه‌کێتی ئافره‌تان ) ڕاسته . ئه‌وان ده‌خوازن وه‌ك پیاو باس له‌کێشه‌کان بکه‌ن و گوزارشت له پیاوه‌تی پیاو بکه‌ن . ئیتر له‌و ڕێگایه‌شه‌وه ژنبون کرایه درۆیه‌کی گه‌وره . هه‌ر بۆیه ده‌کوژرا نه‌ده‌بو به بابه‌ت چونکه ( یه‌کێتی ژنان ) نه‌بو! لاقه ده‌کرێت هه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌ك نییه خۆ سه‌ر به ( یه‌کێتی ئافره‌تان ) نییه !! گه‌ر له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م ڕیزبه‌ندیه‌ش بوایه ئه‌وه به‌یه‌کجار قڕوقه‌پی لێده‌کرا...
ده‌رنجام حزبه نێره‌کانی کورد ، له‌ڕێگای ( یه‌کێتی ژنان و ئافره‌تان ) ه‌وه ، مێینایه‌تی ژنیان نه‌ك هه‌ر لای خۆیان بگره لای خودی ژنیش کرده شه‌رم و شوره‌یی . ته‌کلیفه‌کانی حزب له‌سه‌ر ژن له‌شێوه‌یه‌کی دیکه‌دا درێژکردنه‌وه‌ی هه‌مان ته‌کلیفه‌کانی خێڵ بون له‌سه‌ری . ئاماژه‌کانی سه‌رکه‌وتنی له ژیان و له‌سیاسه‌تدا ، پیاوانه هه‌ڵسوڕانی بو له‌نێو کۆمه‌ڵدا ، هه‌روه‌ك چۆن نێرانه بینینی خودی ژن و پیاو و ته‌واوی کێشه‌کانی کۆمه‌ڵ بو له سیاسه‌تدا . واته هه‌روه‌ك پێشتر ئاماژه‌م پێدا ، ژنێك سه‌رکه‌وتوبو واز له‌ژنایه‌تی خۆی بهێنێت . به‌مانای وشه له‌دیدگای پیاوه‌وه و پیاو ئاسا ژیان به‌هه‌مو یه‌که‌کانیه‌وه ببینێت . ئه‌مه‌ش له درۆیه‌ك زیاتر هیچی دیکه ناگه‌یه‌نێت . چونکه باشترین ژن هه‌ر ئه‌و ژنه‌یه که‌ژن بێت و گوزارشت له‌ژنایه‌تی خۆی بکات . ئه‌و ته‌کلیفانه‌ی حزبی کوردی ، ته‌کلیفێکن دژ به‌سروشتی ژن و له خۆیاندا مه‌حاڵن . ئه‌مه له‌کاتێکدا کاراکته‌ره پیاوه‌کانی حزب نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ی که‌بانگه‌شه‌یان بۆ ده‌کرد پێیان جێبه‌جێ نه‌ده‌کرا به‌ڵکو دروست به‌پێچه‌وانه‌وه هه‌ڵسوکه‌وتیان ده‌کرد . واته پیاونه هه‌ڵسوکه‌وتکردنی ژنانیان پێ قبوڵ نه‌بو .
له‌دواجاردا و له‌سێبه‌ری گرێده‌رونیه‌کاندا ، ژنان له‌ڕێگای ( یه‌کێتی ژنان و ئافره‌تانه‌وه ) جگه له‌گرفتارییه مێژوییه‌کانیان به گرفتێکی دیکه‌ش بارکران ، به‌یه‌کجار کرانه سێبه‌ری حزب و سه‌گه‌رمی کێشه‌کانی حزب کران ، شه‌ڕه گه‌رمه‌کانیان پێبرانه نێو گه‌ڕه‌ك و نێو کۆڵان و ته‌نانه‌ت له نێو خێزانه‌کاندا ڕه‌نگیان پێدرایه‌وه . تاوه‌کو ئه‌و شوێنه‌ی بونه سێبه‌رێکی کوتومتی حزب ، سه‌رجه‌می کێشه بنه‌ڕه‌تیه‌کانی ژیانیان پی له‌یادکرا . هه‌ر بۆیه سه‌رباری ئه‌و هه‌ڵسوکه‌وته نابه‌جێیانه‌ی پیاو له‌به‌رامبه‌ریاندا ، ڕۆژ نه‌بو به‌خراپترین شێوه نه‌بیستین له‌شوێنێکه‌وه ژنێك و دوان و زیاتر لاقه کراون ، تیرۆر کراون ، که‌چی که‌مترین هه‌ڵوێستی به‌کۆمه‌ڵی پێوه‌رنه‌گرتن . به‌جۆرێك هه‌یمه‌نه‌ی حزب هینده کاریگه‌ر بو، له‌کاتێکدا ئه‌و هه‌لومه‌رجه شه‌رمئاوه‌ره‌ی ژنی له کوردستاندا پێده‌په‌ڕی که‌چی قڕوقه‌پی به ژنان کرد بو .. بۆیه زیاده‌ڕه‌وی نییه که ده‌ڵێم ( یه‌کێتی ژنان و ئافره‌تان ) له سێبه‌ری گرێده‌رونیه‌کانی حزبدا هیچ نیین جگه له‌وه‌ی گۆڕستانێکی به‌کۆمه‌ڵی ئاماده‌کراون بۆ له‌گۆڕنانی کێشه‌ی ژن وه‌ك کێشه‌یه‌کی مرۆیی وکۆمه‌ڵایه‌تی ، بۆ به‌سێبه‌ر و به‌کۆیله‌کردنی ژنان له‌به‌رده‌م حزبدا .....
درێژه‌ی هه‌یه ....




