به‌شی سێهه‌م
دوه‌م
هه‌روه‌ك ئاماژه‌ی پێدرا ، ئه‌و که‌شه سیاسیه‌ی له‌و سه‌رده‌مه‌دا بۆ کورد هاته پیش و له‌زه‌مینه‌ی واقعدا ئاماده‌یی هه‌بو ،
به‌شی سێهه‌م
دوه‌م
هه‌روه‌ك ئاماژه‌ی پێدرا ، ئه‌و که‌شه سیاسیه‌ی له‌و سه‌رده‌مه‌دا بۆ کورد هاته پیش و له‌زه‌مینه‌ی واقعدا ئاماده‌یی هه‌بو ، که‌مترین بڕی زانستی پێویست بو . به ئه‌ندازه‌ی بڕی زانینی هه‌مو مرۆڤێکی پێگه‌یشتوی ئاسایی ..
واته ناکرێت له‌و باوه‌ڕه‌دا بین سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد ، لانیکه‌م هه‌ریه‌که‌یان خاوه‌نی ئه‌زمونی چه‌ندین ساڵ بون ، دروستتر هه‌ریه‌که‌یان به‌حساب کۆی ژیانی له‌سیاسه‌تدا به خه‌رجداوه ، که‌چی ئاوه‌ز و ده‌رکیان به‌و که‌شه له‌باره سیاسیه نه‌کرد بێت .
به‌ڵکو به له‌به‌رچاوگرتنی مێژوی سیاسیان ، وه‌ستان له‌سه‌ر جۆری په‌یوه‌ندیان له‌درێژایی مێژودا ، هه‌روه‌ك تێڕامان له ڕوداوه تێپه‌ڕیوه‌کان و لێکدانه‌وه‌ی چۆنیه‌تی ئاسه‌واره ده‌رونییه‌کانیان ، ئه‌وا ئاسان به‌و ڕاستیه ده‌گه‌ین که‌بونی هه‌ریه‌که‌یان بۆ ئه‌وی دیکه‌یان ، بۆته گرێیکی ده‌رونی . هه‌ر بۆیه به‌مه‌به‌ستی سڕینه‌وه‌ی یه‌کتر ، ڕه‌وایه‌تیان به‌هه‌مو شتێك داوه ، جاگه‌ر نیشتمان و نه‌ته‌وه‌شی تێدا کرابێته قوربانی .
له‌کاتێکدا به‌و دیوه‌که‌یدا ، مانه‌وه‌ی هه‌ریه‌کێکیان به‌م شێوه‌یه گرێنتی مانه‌وه‌ی ئه‌وی دیکه‌یان ده‌کات . هه‌روه‌ك چۆن تێپه‌ڕاندنی یه‌کێکیان خۆبه‌خۆ ده‌کاته تێپه‌ڕاندنی ئه‌وی دیکه‌شیان . ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی ئه‌و تێڕوانینه‌یه گوایه به‌لاوازبونی یه‌کێکیان ترازوی هێز لاسه‌نگ ده‌بێت و ئه‌وی دیکه‌یان به‌جارێك بڕستی خه‌ڵکی کوردستان ده‌بڕێت . به‌جۆرێك هه‌مو ئه‌و ده‌نگه ناڕه‌زایانه‌ش که‌هه‌ن سه‌رکوتیان ده‌کات . ئه‌م جۆره بیرکردنه‌وه‌یه ده‌کرا تاوه‌کو هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی ڕابردو ئه‌گه‌ریی ڕاستده‌رچونی هه‌بوایه . له‌کاتێکدا که‌له‌و سه‌رده‌مه‌دا ، به‌تایبه‌ت له‌ڕۆژهه‌لاتی ناوه‌ڕاستدا، دکتاتۆری و دکتاتۆریه‌تی ئه‌ورپای ڕۆژهه‌ڵاتی بره‌وی هه‌بو . هه‌روه‌ك چۆن ئاستی گه‌شه‌ی کۆمه‌ڵی کورده‌واریش ئه‌وه‌ی پێ هه‌رس ده‌کرا . به‌ڵام له‌م سه‌رده‌مه‌دا که‌ڕۆحه‌که‌ی دیمۆکراسی و پاراستنی مافه‌کانی مرۆڤه ، هه‌روه‌ك چۆن گه‌شه‌ی فه‌رهه‌نگی کۆمه‌ڵایه‌تی خه‌ڵکی کوردستان له‌بارێکی دیکه‌دایه ، به‌رقه‌راربونی ده‌سه‌ڵاتێکی دکتاتۆری ئاسته‌مه تاوه‌کو ئاستی مه‌حاڵ .
به‌ڵام له‌و ڕوانگه‌وه که‌له‌دیوێکه‌وه خزمه‌ت به‌مانه‌وه‌ی یه‌کتر ده‌که‌ن ، بیهێنه نێو یاده‌وریتان که پانتایێکی به‌رفراوانی هه‌ردولایان تا ده‌گاته ژماره‌یه‌کی به‌رفراوان له‌که‌سه سه‌رسه‌خته‌کانیان ، بون و مانه‌وه‌ی به‌رامبه‌ره‌کانیان هێشتونیه‌ته‌وه . گه‌رنا ده‌رك به‌و هه‌مو نادادوه‌ریه ده‌که‌ن ، هه‌روه‌ك چۆن له‌کۆدا پێده‌زانن که پارته‌که‌یان له‌ئاستی پێویستی داخوازیه‌کانی خه‌ڵکی کوردستاندا نییه . که‌چی کورده‌واری واته‌نی ( له‌داخی به‌رامبه‌ره‌که‌یدا ) نه‌ك هه‌ر تێکۆشانی به‌رده‌وام ده‌کات ، بگره چاوپۆشیش له‌گه‌وره‌ترین تاوانێك که پارته‌که‌ی بیکات ، ده‌کات . بۆیه له‌وباوه‌ڕه‌دام تێپه‌ڕاندنی یه‌کێکیان نه‌ك هه‌ر خزمه‌ت به‌وی دیکه‌یان نییه به‌ڵکو تێپه‌ڕندنی ئه‌وی دیکه‌شیانه . ( هه‌ستده‌که‌م له ئێستاشدا ، بۆ خۆیان زۆر به‌باشی هه‌ستی ئه‌مه ده‌که‌ن . له‌کاتی خۆیدا ئاماژه‌ی پێده‌که‌م ) .
به‌هه‌رحاڵ له‌و کاته‌دا ، ته‌واوی سیاسه‌تی خۆیان و جوڵه و کرده سیاسیه‌کانیان به‌رمه‌بنای گرێ ده‌رونیه‌کانیان بونیاد نابو .
بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش گه‌ر( که‌سێك ، گروپێکی تایبه‌ت ، پارتێك ، وڵاتێك ) له‌سه‌ره‌تادا له‌دوره‌وه چوبێته ژێرباری ئه‌و هه‌ڵسوکه‌وته ته‌شریفاته ڕوکه‌شانه‌یان که‌له‌به‌رامبه‌ر یه‌کتردا به‌به‌رچاوی ڕاگه‌یاندنه‌وه نمایشیان ده‌کرد ، ئه‌وا پاش ئه‌وه‌ی لێیان نزیکبۆته‌وه زۆر زو له‌جه‌وهه‌ریان تێگه‌یشتوه ، هه‌ر له‌وێشه‌وه زۆر مه‌سه‌له‌ی کورد هه‌یه ، لێیدراوه . نه‌خوازه ئه‌و کاته‌ی ( سیای ئه‌مریکی ) به‌مه‌ستی هه‌نوکه‌یی دێته ناوچه‌که‌وه ، زیاتر و زوتر لێیان تێده‌گات . له‌و باره‌شه‌وه گه‌مه‌یه‌کی هێجگار زۆر له‌نێو درزه فراوانه‌کانیدا ده‌کات .
جێگای سه‌رنجه ، وه‌ك ده‌زانرێت و پێشترتیش ئاماژه‌ی پێدرا ، کوردستان به‌خاك و خه‌ڵکیه‌وه به‌شێوه‌یه‌کی پراکتیزه‌یی به‌سه‌ر خۆیاندا دابه‌شیان کرد بو ، تانانه‌ت ناوچه ڕزگار نه‌کراوه‌کانیشیان له‌دیدگایاندا بۆ ئه‌م دابه‌ش کردنه فه‌رامۆش نه‌کرد بو . به‌پێی سنوری جوگرافی و نزیکی‌یان له‌و ناوچانه و زۆر و که‌می جێنفوسیان ، پارێزگای که‌رکوك به خودی شاری که‌رکوکیشه‌وه ، به‌ر یه‌کێتی که‌وتبو . هه‌روه‌ك چۆن ناوچه‌کانی پارێزگای موسڵیش به‌ر پارتی ده‌که‌وتن .
هه‌ڵبه‌ت ئه‌م دابه‌شکاریه‌ش له‌بیر کردنه‌وه‌ی به‌رامبه‌ردا ئاماده‌یی هه‌بو . واته هه‌ر به‌نمونه که له‌بیرکردنه‌وه‌ی یه‌کێیتیدا که‌رکوکی له‌پشکی خۆیدا دانابو . به‌هه‌مان شێوه‌ش لای پارتیش هه‌ر به‌و شێوه‌یه سه‌رنجی ده‌خرایه‌سه‌ر . دیاره ئه‌مه‌ش سه‌باره‌ت به‌موسڵ بۆ یه‌کێتی هه‌ر ڕاست بو .
ئیتر که‌رکوك تاوه‌کو ئه‌وشوێنه‌ی بۆ پارتی مانای هه‌بو ، کاروباری حزبی به‌مه‌به‌ستی که‌مکردنه‌وه‌ی نه‌خشی یه‌کێتی تێدا بکات . واته له‌کۆدا که‌رکوك بۆ پارتی جێگای بایه‌خی ڕسته‌قینه نه‌بو . بۆیه له‌بیرکردنه‌وه‌یه‌کی له‌و جۆره‌دا ، ڕزگار بونی که‌رکوك و ده‌وروبه‌ری و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی بۆ سنوری هه‌رێمی کوردستان نه‌ك هه‌ر بۆ پارتی گرنگ نه‌بو ، بگره به‌هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی جددیشی بۆ سه‌ر خۆی ده‌زانی . ئه‌مه‌ش بۆ یه‌کێتی سه‌باره‌ت به‌موسڵ دروست بو .
گومانی تێدا نییه هه‌مو هێزێکی سه‌ربازی له‌کاتی هێرش و په‌لاماردا تێده‌کۆشێت سه‌رجه‌م خاڵه به‌هێز و خێراکانی سه‌رکه‌وتن کۆ بکاته‌وه ، له‌به‌رامبه‌ردا ته‌واوی خاڵه لاوازه‌کانی دوژمنیش بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ڕه‌چاو ده‌کات . دابه‌شبونی هێزه کوردیه‌کانیش به‌و شێوه‌یه هه‌م له‌باری ڕۆحییه‌وه هه‌م له‌باری ناسینی زه‌وی و خه‌ڵکه‌وه ، بۆ هێرشه‌که‌ی ئه‌مه‌ریکا مایه‌یی سه‌رنج بون . هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش هێزه‌کانی پارتی به‌ڕوی موسڵدا به‌کار هێنا ، هه‌روه‌ك چۆن هێزه‌کانی یه‌کێتیش به‌ڕوی که‌رکوکدا .
هه‌رچه‌نده گومان هه‌ڵناگرێت ، که‌داواکاری یه‌کێتی و پارتی به دو هۆکار له‌سه‌ر ئه‌و شێوازی دابه‌شبونه هه بوه ، یه‌که‌میان : ئه‌وان له‌و کاته‌دا ئه‌وه‌نده‌ی فێر بون شه‌ڕ له‌گه‌ڵ یه‌کتردا بکه‌ن ، ئه‌وه‌نده متمانه‌یان له‌سه‌ر یه‌کتر نه‌بو ، تاوه‌کو هاوته‌نشت شه‌ڕ له‌گه‌ڵ هیچ دوژمنێکدا بکه‌ن . دوه‌میان : وه‌ك ئاماژه‌ی پێدرا یه‌کێتی که‌رکوکی له‌سه‌ر خۆی حساب کرد بو ، هه‌روه‌ك چۆن پارتیش بۆ موسڵ هه‌مان حساباتی کرد بو . به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه وه‌ك ده‌رکه‌وت هیچ ئاماده‌کاریان بۆ حساباته‌کانیان نه‌کرد بو . بۆ ئه‌و مه‌به‌سته وه‌ك ده‌زانرێت به‌و پێیه‌ی زۆرجار له‌شه‌ڕدا و له‌مه‌یدانی شه‌ڕدا جۆره یاسایێکی شه‌ڕ موماره‌سه ده‌کرێت ، که ته‌واو له‌ده‌ره‌وه‌ی مه‌یدانی شه‌ڕ جیاوازه . به‌تایبه‌ت بۆ یه‌کێتی و پارتی که هێزی ته‌واو نیزامی نه‌بون . واته زۆرجار ئه‌گه‌ری تێپه‌ڕاندنی ئه‌و یاسایانه‌ی شه‌ڕیشیان هه‌یه .
له‌و گۆشه نیگایه‌شه‌وه که هه‌میشه ( گورزی زۆرلێکراو له‌گورزی زۆردار به‌هێزتره ) حکومه‌تی عێراقیش له‌دیدگای ته‌واوی کوردا به‌رده‌وام زۆردار و داگیرکارو خوێن مژ بوه . نه‌خوازه هێزی پێشمه‌رگه به‌کرده‌وه له‌گه‌ڵ نه‌هامه‌تیه‌کانی گه‌له‌که‌ی و خوێن ڕێژی دوژمنه‌که‌یدا ژیاوه . بۆیه ده‌کرا ئه‌وه‌ی به‌سی ساڵ حکومه‌تی عێراقی له‌ناوچه داگیرکراوه‌کاندا پراکتیزه‌ی کرد بو ، له‌سه‌ر زه‌مینه‌ی واقع به‌سێ ڕۆژ به‌پێی پلان هه‌ڵوه‌شه‌ندرێته‌وه . له‌و باره‌شه‌وه ئه‌مریکا ماوه‌یه‌کی دیاریکراو هێزه کوردییه‌کانی سه‌ر پشك کرد . به‌ڵام ( وه‌ك ده‌ڵێن و بڵاو بویه‌وه ) له‌کاتێكدا هێزه‌کانی یه‌کێتی ده‌ڕۆنه نێو شاری که‌رکوکه‌وه ، پارتی هاواری لێبه‌رزده‌بێته‌وه . سکاڵای ئازادکردنی که‌رکوك له‌ڕێگای هێزه‌کانی یه‌کێتیه‌وه ، لای ئه‌مریکا ده‌کات . به‌جۆرێك گه‌ر نه‌یگێڕنه‌وه بۆ دواوه ، به‌ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی شاری موسڵ له‌لایه‌ن هێزه‌که‌یه‌وه ، هه‌ڕه‌شه له ئه‌مه‌ریکا ده‌کات !!
له‌کاتێکدا ده‌کرا ، به‌سود وه‌رگرتن له‌چرکه‌ساته هه‌ستیاره‌کان ڕه‌وشێکی تازه بکرێته ئه‌مری واقع ، که‌چی کرایه قوربانی گرێ ده‌رونییه‌کان . هه‌رچه‌نده ئه‌مه به‌و مانایه نییه گه‌ر ئه‌و سکاڵا‌و سکاڵاکاریه نه‌بوایه ئه‌وا هه‌مو کێشه‌کان به‌ویستی کورد چاره‌سه‌ر ده‌کران . ڕاسته سکاڵاکردنه‌که له خۆیدا کرده‌یه‌کی زیاد له پێویست شه‌رمئاوه‌ره و شایسته به‌تێپه‌ڕاندن نییه ، به‌ڵام وه‌ك له دواجاردا ده‌رکه‌وت پاش ئه‌وه‌ی چونه نێو شاره‌کانه‌وه هینده‌ی وێڵی دوای بۆیاخی په‌مپ بون بۆ گرتنی فڵان و فیساره خان‌و بۆ به‌رپرسه حزبیه‌کان ، ئه‌وه‌نده‌ی گه‌ڕیده‌ی دوای گوریس بون بۆ دابه‌شکردنی زه‌ویه گرانبه‌هاکان به‌سه‌ر خۆیاندا ، ئه‌وه‌نده له‌خه‌می ئاوه‌ره‌کانی ناوچه‌کاندا نه‌بون . به‌نیو ئه‌وه‌نده‌ش سه‌رگه‌رمی پیاده‌کردنی به‌رنامه‌یه‌کی به‌رنامه بۆداڕێژراوی سڕینه‌وه‌ی ئاسه‌واره‌کانی ( ته‌عریب و ته‌بعیس و ته‌رحیل ) نه‌بون . خه‌ریک نه‌بون له‌کرده‌کانیاندا وێنه‌یه‌کی جوانی پێکه‌وه‌ژیان بۆ دانیشتوانه ڕه‌سه‌نه‌که وێنا بکه‌نه‌وه . ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێت له‌بنه‌ڕه‌تدا هیچکامیان به‌رنامه‌یه‌کیان بۆ حساباته‌کانی خۆشیان نه‌بوه .
له‌ئاکامدا به زیاده‌ڕه‌وی نازانم که ده‌ڵێم : ده‌سه‌ڵاتی سیاسی کورد و کێشه ڕه‌واکه‌ی ، وه‌ك ئه‌و منداڵه چه‌تونه دێته به‌رچاوم که دینارێکی پێیه ، به‌ده‌ستی خۆی ده‌یخاته ژێربه‌ردێکه‌وه و شه‌ڕی دیارنه‌مانی به منداڵه‌کانی ده‌وروبه‌ری ده‌فرۆشێت ، گوایه ئه‌وان بردویانه !!
بۆیه ده‌ڵێم بێده‌رد و به‌ڵابن ! شه‌ڕ به‌کورد مه‌فرۆشن له‌کاتێکدا به‌ده‌ستی خۆتان کێشه نیشتمانیی و نه‌ته‌وه‌ییه‌کانتان له تابوت نا ، هه‌ر به‌ده‌ستی خۆشتان خه‌ریکن دوا بزمار له‌تابوته‌که‌ش ده‌ده‌ن . به ئاستێك ده‌رکێشانه‌وه‌ی ئه‌و بزمارانه هه‌رگیز کارێکی ئاسان نییه ، به‌ڵام مه‌حاڵیش نییه . ده‌کرێت کورد ماوه‌یه‌کی درێژتریش باجی ئه‌و هه‌ڵه گه‌وره کاره‌ساتبارانه بدات . بڕوام وایه ئێستاش له‌چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌یه‌کی ته‌ندروستدا ده‌کرێت کار بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان بکرێت ، تاوه‌کو کورد بتوانێت موماره‌سه‌ی مافه نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی بکات . به‌ڵام به‌گومانم ئه‌و به‌رنامه‌یه له‌م شێوازی بیرکردنه‌وه‌ی ئێوه‌دا ئاماده‌یی هه‌بێت ، چونکه هیچ ئاماژه‌یه‌ك بۆ ده‌رکه‌وتنی سه‌ره داوه‌کان به‌دی ناکرێت ..
درێژه‌ی هه‌یه ...




