
چرکه‌ساته هه‌ستیاره‌کان ، به قوربانی گرێده‌رونیه‌کان ده‌کرێن ..
یه‌که‌م
چرکه ساته‌کانی پرۆسه‌ی ئازادی عێراق له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانانه‌وه ، له‌ساڵی 2003 ی ز دا ، سه‌باره‌ت به‌گێڕانه‌وه‌ی مافه نیشتمانیی و نه‌ته‌وه‌یه‌کانی کورد ،
به‌شی سێههمچرکهساته هه‌ستیاره‌کان ، به قوربانی گرێده‌رونیه‌کان ده‌کرێن ..
یه‌که‌م
چرکه ساته‌کانی پرۆسه‌ی ئازادی عێراق له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانانه‌وه ، له‌ساڵی 2003 ی ز دا ، سه‌باره‌ت به‌گێڕانه‌وه‌ی مافه نیشتمانیی و نه‌ته‌وه‌یه‌کانی کورد ، ( به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌و شوێنانه‌ی که ئێستا ناوچه جێناکۆکه‌کانیان پێده‌وترێت ) زۆر هه‌ستیار و گرنگ بون . به‌جۆرێك گرنگی کورد له‌و سه‌رده‌مه‌دا ، وه‌ك نه‌ته‌وه و کوردستان وه‌ك نیشتمان و ته‌نانه‌ت ده‌سه‌ڵاته‌که‌شی وه‌ك هێزێکی ئاماده‌کراو له هاوکێشه‌ی سیاسی هاوپه‌یماناندا ، له‌لوتکه‌دا بو .
به هه‌مو پێوه‌ره عه‌قڵانیه سیاسیه‌کان ، له‌هیچ سه‌رده‌مێکی مێژویدا بارته‌قای ئه‌و سه‌رده‌مه ، پایه‌یی کورد له‌هاوکێشه‌ی ناوچه‌که و جهاندا به‌هێز و گرنگ نه‌بوه . ئه‌و هه‌له مێژوییانه دانسقه‌ن و زۆر به‌دگمه‌ن له‌مێژوی گه‌لاندا ، بۆ گه‌لێك دێنه پێش و زۆر به دره‌نگ خۆیان دوباره‌ده‌که‌نه‌وه . گه‌لانی هوشیار و یاریچیه سیاسیه باشه‌کانیان هه‌رگیز به‌هه‌ده‌ریان ناده‌ن . له‌ڕێگایانه‌وه سه‌رله‌به‌ری ژیانی ئه‌و گه‌لانه بۆ قۆناخێکی دیکه‌ی پێشکه‌وتن و گه‌شه و په‌ره‌سه‌ندن ده‌گوازنه‌وه . به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه گه‌مه‌چییه سیاسیه خراپه‌کان په‌ی به‌و چرکه‌ساته هه‌ستیاره مێژویانه نابه‌ن . ئه‌وه‌نده‌ی وه‌ك قۆناخێك و زه‌مینه‌یه‌ك که زیاتر خه‌ریکی خۆیان ده‌بن سه‌رنجی ده‌خه‌نه سه‌ر ، به نیو ئه‌وه‌نده مه‌سه‌له‌ی گه‌له‌که‌یان به‌هیند وه‌رناگرن . واته له‌جیاتی ئه‌وه‌ی سه‌رگه‌رمی چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی گه‌لکه‌یان بن ، سه‌رگه‌رمی کێشه تایبه‌تیه‌کانی خۆیان ده‌بن . له‌جیاتی ئه‌وه‌ی پایه‌گای کۆمه‌ڵه‌که‌یان له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌که و جهان سه‌قامگیر بکه‌ن ، سه‌رگه‌رمی به‌هێزکردنی پایه‌کانی خۆیان و گروپه‌کانیان ده‌بن . به جۆرێك کاتێك به‌ئاگا دێنه‌وه زه‌مه‌ن تێپه‌ڕیوه . هاوکێشه سیاسیه‌کان به‌ده‌ر له‌به‌رژه‌وه‌ندی گه‌له‌که‌یان ، ڕێکخراوه‌ته‌وه . پاشان به‌تێپه‌ڕبونی ئه‌و هه‌له مێژوییانه و ده‌رکه‌وتنی هاوکێشه‌ی سیاسی نوێش له‌ناوچه‌که و جهاندا ، ئه‌گه‌ریی ئه‌وه هه‌یه زه‌مه‌نێکی نادیار به ئه‌ندازه‌ی درێژی ته‌مه‌نێك و زیاتر ، ده‌رنه‌که‌ونه‌وه .
وه‌ك ده‌شزانرێت بونی گه‌لێکی هوشیاری زیندو ، له‌به‌رهه‌مهێنانی سه‌رکردایه‌تیێکی سیاسی کارادا ، زۆر گرنگ و پێویسته . هه‌روه‌ك چۆن له پێچه‌وانه‌که‌یشیدا بێکاره نییه و ڕۆڵی کارا ده‌گێڕێت . به‌ڵام له‌دابه‌شبونی ئاستی به‌رپرسیاریدا به‌شی شێر به‌ر سه‌رکردایه‌تی ده‌که‌وێت . واته ئه‌وه سه‌رکردایه‌تی سیاسیه له‌کۆی ژیانی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵك به‌رپرسیاره ، نه‌ك خه‌ڵك له جوڵه و کرده‌کانی سه‌رکردایه‌تی به‌رپرسیار بکرێت . له‌و ڕوانگه‌شه‌وه کورد ناتوانێت ئه‌وهه‌له وه‌ك ئه‌وه‌ی دێته پێش ، له‌به‌رژه‌وه‌ند خۆیدا جێگیر بکات ، ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌و سه‌رده‌مه‌دا به‌رپرسیار ده‌کرێت . قه‌باره‌ی ئه‌م به‌رپرسیاره‌تیه‌ش کاتێك وه‌ك خۆی به دیار ده‌که‌وێت ، وێنه‌یه‌کی زه‌ینی ئه‌و که‌شه سیاسیه له‌وسه‌رده‌مه‌دا ، وێنا بکرێته‌وه . بۆیه لێره‌دا به‌پێویستی ده‌زانم که‌مێك له‌سه‌ر ئه‌و پرسه گرنگه بوه‌ستم:
وه‌ك ده‌زانرێت ، ئه‌مریکا که له‌خۆیدا جێگای سه‌رنجه . له‌و سه‌رده‌مه‌دا ڕاسته‌وخۆش سه‌رکردایه‌تی شه‌ڕێکی گرنگی له‌عێراقدا ده‌کرد . سروشتی شه‌ڕه‌که ، شه‌ڕی دژه تیرۆر بو . بۆیه جێگای بایه‌خ و سه‌رنجی ته‌واوی دنیا بو . به‌جۆرێك ژماره‌یه‌کی زۆر له وڵاتان به‌پشتیوانی ئه‌مه‌ریکا له‌سه‌رهێڵی ڕاسته‌وخۆی شه‌ڕه‌که بون . هاوکات کوردیش له‌نێو ئه‌و هاوپه‌یمانه‌تیه‌دا بو . له‌و ڕوانگه‌شه‌وه خۆبه‌خۆ به‌پێی هه‌ڵکه‌وته‌ی کوردستان له‌عێراقدا ، ده‌بونه پاڵپشتی و کێشه‌کانی جێگای بایه‌خ و سه‌رنجیان بون . ڕێك له‌وکاته‌شدا تورکیا ڕه‌زامه‌ندی پیشان نه‌دا سوپای ئه‌مه‌ریکا و هاوپه‌یمانان له‌سنوره‌که‌یه‌وه تێپه‌رێت . به‌وه‌ش له‌به‌رژه‌وه‌ند کوردا که‌وته هه‌ڵه‌یه‌کی مێژوییه‌وه . له‌و گۆشه‌نیگایه‌شه‌وه به‌هینده‌ی دیکه ، کوردستان له‌باری ژیۆپۆلیتیکیه‌وه له ئه‌ژمارده‌کانی ئه‌مه‌ریکا و هاوپه‌یمانه‌کانیدا گرنگی وه‌رگرت . هه‌روه‌ك چۆن به‌و پێیه‌ی ئه‌مریکا گواستنه‌وه‌ی به‌شی پێویستی هێزه‌که‌ی ، بۆ کوردستان ئاسان نه‌بو . تاوه‌کو به‌مه‌به‌ستی خێرا کردنی هێرشه‌که‌ی ، به‌ره‌ی شه‌ڕی باکور بکاته‌وه . بۆیه هێزی پێشمه‌رگه که‌هێزێکی تاڕاده‌یه‌ك ئاماده‌باش و له‌به‌رده‌ستدا بو ، زیاتر بویه جێگای سه‌رنج و بایه‌خ .
هاوکات وه‌ك ده‌شزانرێت به‌درێژایی مێژوی دروستبونی تورکیا ، به‌مه‌به‌ستی دواکه‌وتنی داواکانی کورد له‌سه‌ر سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا و ناوچه‌که ، هێزی فشار بوه . له ئه‌نجامی ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ش به‌رامبه‌ر ئه‌مریکا له‌و کاته‌دا نواندی ، نه‌ك هه‌ر ده‌م و چاوی له‌چه‌ند دیوێکه‌وه ناشیرین بو بگره مه‌یلی ته‌زاندنیشی به‌هۆی کێشه‌ی کورده‌وه هه‌بو . یان لانیکه‌م کورد ده‌یتوانی زیره‌کانه سود له‌وهه‌ڵه گه‌وره‌یه‌یی تورکیا وه‌رگرێت .
هه‌رچی سه‌باره‌ت به ( ئێران و سوریا ) شه ، بۆخۆیان له به‌ره‌ی دژه ئه‌مریکادا بون . واته هیچ ئه‌ژمارده‌یه‌ك نه‌ك هه‌ر بۆ فشاره دیبلۆماسیه‌کانیان سه‌باره‌ت به‌کورد نه‌ده‌کرا ، بگره ئه‌مریکا زۆری مه‌به‌ست بو ده‌ستی هه‌مو هیزه به‌رهه‌ڵستکاره‌کانیشیان له دژایه‌تیکردنیاندا بگرێت و هاوکاریان بکات . واته به‌جارێك هه‌مو ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی که‌دوژمنی له‌مێژینه‌ی کورد بون و ساڵانه له‌سه‌ر ئاستی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌یاندا به‌دژی کورد کۆبونه‌یان ڕێکده‌خست ، که‌له هه‌مو مه‌سه‌له‌یه‌كدا ناکۆك و ته‌نیا له‌سه‌ر دوژمنایه‌تی کورد بو کۆکبون . به‌جارێك له‌و سه‌رده‌مه‌دا خرابونه ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی هاوکێشه سیاسیه‌کانه‌وه ..
ئه‌رێ به‌درێژای مێژوی کورد له‌ناوچه‌که‌دا ، ڕێکه‌وتوه به‌و شێوه‌یه کاریگه‌ری دوژمنکارانه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌کانی وڵاتانی ناوچه‌که هیچ ئه‌ژمارده‌یه‌کیان بۆ نه‌کرێت ؟! بۆ هه‌تا چاوی ژیری بڕ بکات ئه‌گه‌رێکی له‌وجۆره بۆ کورد پێشبینی ده‌کرێت !! پاشان ، داخۆ ڕۆژێك ، ساڵێك بێته پێشه‌وه بارته‌قای ئه‌و سه‌رده‌مه یه‌که‌مین زلهێزی دنیا ( ئه‌مریکا ) پێویستی به‌کورد هه‌بێت ! تاوه‌کو ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی کوردی خوازیار بێت بۆی بێته سه‌ر مێزی دانوسانی جددی و به‌وردی سه‌رنجبخاته سه‌ر کێشه‌ی کورد و داخوازییه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیه‌کانی!!
بۆ تێگه‌یشتن له که‌شێکی سیاسی له‌باری له‌و شێوه‌یه‌دا ، کامه ماریفه‌تی سیاسی ده‌ویست ! گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سیاسی کورد له‌سه‌ر ئه‌و مێزی دانوسانه ، کێشه‌کانی به‌شێوه‌یه‌کی ڕه‌وان بهێنایه سه‌ر نوسین و خاڵی بخستایه‌ته سه‌ر پیته‌کان ؟! به‌نمونه ، له‌م چه‌ند خاڵه‌دا بیانوتایه :
* ــ پێویسته سیستمی دوای ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تی به‌عس له عێراقدا ، فیدراڵی جوگرافی بێت .
* ــ سه‌باره‌ت به‌ناوچه داگیر‌و ڕاگوێزراوه‌کان ، پێویسته له ( یه‌که‌وه تاوه‌کو دوایی ) ده‌ستبه‌جێ بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر خاکی دایکیان و سنوری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان .
* ــ سه‌باره‌ت به شاری که‌رکوکیش ، به‌مه‌به‌ستی سڕینه‌وه‌ی ئاسه‌واری داگیرکاری ، پێویسته ده‌ستبه‌جێ عه‌ره‌به هاورده‌کان بگه‌ڕێنه‌وه بۆ شوێنی خۆیان و که‌رکوك جێبهێڵن . پاش تێپه‌ڕینی یه‌که‌م ساڵی ئازادی عێراق ، هه‌ڵبژاردن له‌نێو شاره‌که‌دا بکرێت و خه‌ڵکه ڕه‌سه‌نه‌که‌ی له‌پرۆسه‌یه‌کی دیموکراتیدا بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نوسی خۆی بدات . ئه‌مه‌ش شایسته به‌دواکه‌وتن نییه .
* ــ سه‌باره‌ت به‌شاری موسڵیش ، پاش ئه‌وه‌ی له‌بڕگه‌ی یه‌که‌مدا هه‌مو شوێنه کوردنشینه‌کانی سنوری پارێزگه‌که ده‌گه‌ڕێنه‌وه سه‌ر حکومه‌تی هه‌رێم ، جۆرێك رێوشوێنی سیاسی پێشنیار بکرایه که‌مافی کورده‌کانی نێو پارێزگاکه‌ی ده‌پاراست .
له‌به‌رامبه‌ر وه‌رگرتنی ئه‌و خاڵانه‌شدا ، ئاماده‌ی به‌خشینی ئه‌م خاڵانه‌شیان بۆ به‌رامبه‌ر پێشکه‌ش بکردایه :
*ــ کوردستان به‌خاک و هێزی پێشمه‌رگه‌یه‌وه ، هاوشێوه‌ی هه‌ر وڵاتێکی دیکه‌ی هاوپه‌یمانی دنیا ، له‌ژێر فه‌رمانی سه‌رکردایه‌تی هێزه‌کانی ئێوه‌دا ده‌بێت .
* ـــ پاش ڕزگارکردنی عێراق ، کاراکته‌رێکی کارای بونادنانه‌وه‌ی سیاسی عێراق ده‌بین .
* ـــ له ناوچه‌که‌دا پارێزه‌رێکی دورماوه‌ی ، به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانتان ده‌بین .
* ـــ تێده‌کوشین وێنه‌یه‌کی جوانی دیموکراسی له‌ناوچه‌که‌دا پێشکه‌ش بکه‌ین ، به‌مه‌ش وێنه‌یه‌کی جوانی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێوه له ناوچه‌که‌دا وێنا ده‌که‌ینه‌وه .
سه‌ره‌تا به‌په‌سه‌ندی ده‌زانم بڵێم ، ئه‌و خاڵه گریمانه‌ییانه‌ی سه‌ر ئه‌و مێزی دانوسانه که‌مترین تێچونی ئاوه‌زی سیاسیان پێویسته ، ئه‌وه که‌شفکردنی هیچ نهینیکی گه‌وره نییه ، تاوه‌کو له‌ئاست ئاوه‌زی سیاسی که‌سه ئاساییه‌کانی کوردا نه‌بێت . پاشان ڕه‌نگه گه‌ر له‌وڵات و گه‌لێکی زیندودا داوه‌ری گشتی به‌تۆمه‌تی که‌مته‌رخه‌می وه‌زیفه‌یه‌کی گرنگی نیشتمانیی و نه‌ته‌وه‌یی ، ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌وسه‌رده‌مه‌دا ڕاپێچی دادگا بکات و بڵێت ، لانیکه‌می ئه‌وخاڵانه‌تان بۆ نه‌کردوه ؟
ـــ ڕه‌نگه له‌وه‌ڵامدا بڵێن : ئاخر ئه‌و خاڵانه‌ی که‌ده‌بو له‌به‌رامبه‌ردا پێشکه‌شی بکه‌ین سه‌ربه‌خۆ بونی ده‌خستینه ژێر پرسیاره‌وه . بۆ بێده‌رد و به‌ڵابن ! خۆ بێبه‌رامبه‌ر جگه له‌خاڵی چواره‌م که‌له‌گه‌ڵ بیرکردنه‌وه و له‌نێو پانتایی ئاوه‌زی ئێوه‌دا ناگونجێ و جێی نابێته‌وه . هه‌موتان جێبه‌جێ کردوه !
گه‌ر به‌وه‌ڵامێکی ساده‌ی له‌وجۆره ، ته‌سکه کۆڵانی خۆ دزینه‌وه‌یان له‌ئاستی به‌ر پرسیارێتیدا لێبگریت ، ئه‌وا هیچ دور نییه بڵێن ئێمه داوامان کردوه ، ئه‌مه‌ریکاش له‌و کاته‌دا داواکانی ئێمه‌ی په‌سه‌ند کردوه به‌ڵام دواجار لێی په‌شیمان بۆته‌وه . گه‌ر له‌وه‌ڵامدا داوه‌ری گشتی پێیان بڵێت : ئاخر ئه‌وه هینده مه‌سه‌له‌یه‌کی ئاسان نییه ، ئه‌وه دانیشتن و داواکاری چاره‌نوسازی گه‌لێکه . پێویسته دیکۆمێنت کرابێت ، فه‌رمون پێشکه‌ش به‌ڕای گشتی کوردی بکه‌ن .
له بارێکی وه‌هادا ، دڵنیام گه‌ر مه‌سه‌له ئه‌مریکا نه‌بێت ، داواکاریێکی له‌و جۆره په‌یوه‌ست بێت به‌په‌یوه‌ندیه‌کانی نیوان خۆیان و خه‌ڵکی کوردستانه‌وه ، هه‌مو ئه‌وکه‌سانه‌ش له‌ژیاندا نه‌ماون ، ئه‌وا به‌ئاسان فایلێکیان دروست ده‌کرد . وه‌ك هه‌مو ئه‌وفایلانه‌ی که بۆ هه‌رکه‌سێك مه‌به‌ستیان بێت دروستی ده‌که‌ن .
به‌ڵام له‌و باوه‌ڕه‌دام پاش ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌مریکادا ئه‌وه‌یان پێناکرێت و به‌داواکاری دیکۆمێنتیش ئه‌و دزه‌ڕێگه‌یان لێده‌گیرێت ، هیچ دور نییه به‌وه‌هم و له‌سه‌ر خه‌یاڵ له‌جیاتی ئه‌مریکا ده‌ست به‌وه‌ڵامدانه‌وه نه‌که‌ن و بڵێن : گه‌ر ئێمه داواکاری له‌و جۆره‌مان بکردایه ئه‌وا هێرشه‌که‌ی ڕاده‌وه‌ستاند و حکومه‌تی به‌عسی نه‌ده‌ڕوخاند . ئێمه‌ش مه‌ترسی دوباره‌بونه‌وه‌ی کاره‌ساتی ئه‌نفال و ژه‌هرباراندنی گه‌له‌که‌مان ده‌کرده‌وه . بۆیه هه‌مو ئاسانکاریێکمان بێبه‌رامبه‌ر بۆ کرد تاوه‌کو له‌هێرشه‌که‌ی په‌شیمان نه‌بێته‌وه و له‌سه‌دام حوسێن ڕزگارمان بکات .
گه‌ر له‌وه‌ڵامدا پێیان بڵێیت : بۆ سیاسه‌تمه‌داره به‌ڵاکانی کورد ، هینده هوشیاریتان له‌زانسته سیاسی و سه‌ربازییه‌کاندا هه‌یه ! بۆ پێتان وایه سوپای ئه‌مه‌ریکا که‌له واشنتۆنی ئه‌مریکاوه جوڵه‌ی کردوه له‌به‌ر چاوی کاڵ و ڕه‌شی کورد بوه !هینده زانیاری سیاسیتان هه‌یه و له‌جهانی سیاسه‌ت گه‌یشتون !! قسه‌ی ئێمه له‌سه‌ر هێنانه‌وه‌ی پاساو به‌مه‌ستی خۆ ده‌ربازکردن نییه به‌ڵکو قسه‌ی ئێمه ئاستی که‌مته‌رخه‌می به‌رپرسارێتی ئێوه‌یه له‌هه‌لومه‌رجێکی له‌وشێوه‌یه‌دا . پرسیار ئه‌وه‌یه ئێوه به‌دیکۆمێنت داوی له‌و جۆره‌تان کرد ، تا ئه‌ویش له‌وه‌ڵامدا بڵێت گه‌ر جارێکی دیکه باس له‌و جۆره شتانه بکه‌ن ئیمه ده‌گه‌ڕێینه‌وه و له‌بڕیاره‌کانی خۆمان په‌شیمان ده‌بینه‌وه ! گه‌ر شتی له‌و جۆره هه‌یه فه‌رمون بیخه‌نه ڕوو .
له‌دواجاردا زه‌مین و زه‌مان له‌بار بو ، فشاری ده‌ره‌کی له‌وکاته‌دا به‌هیچ وه‌جێك ئاماده‌یی نییه ، میراتگری حکومه‌تی عێراقی ئه‌مریکایه ، که‌تۆ هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵیدا . ته‌نها هێزێك له‌سه‌ر زه‌وی عێراق ئاماده‌یی هه‌بێت ، کورد و ده‌سه‌ڵاته‌که‌یه‌تی . واته به‌هه‌مو پێوه‌رێك هه‌رگیز کورد ئه‌وه‌نده ئه‌ستێره‌ی سیاسی به‌به‌رزی نه‌دره‌وشاوه‌ته‌وه ، که‌چی له‌گه‌ڵ داخێکی زۆردا ، کێشه‌ڕه‌واکه‌ی که‌مترین جوڵه‌ی به‌ره‌و پێشه‌وه نه‌کرد .
پرسیاری گرنگ لێره‌دا ئه‌وه‌یه که له‌مێژودا هۆکاری به‌ره‌وپێشه‌وه نه‌چونی خواسته‌کانی کورد گرێدراوی دوژمنانی ده‌ره‌کی و نابه‌رابه‌ری پارسه‌نگی هێز له‌نێوان کورد و دوژمنه‌کانیدا ده‌که‌ینه‌وه ئه‌ی بۆ ئه‌مجاره‌یان کێ به‌رپرسیاره ؟؟ پاشان له‌هه‌لومه‌رجێکی له‌وجۆره‌دا کورد به‌مافه سیاسیه نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یه‌کانی ناگات ، ئه‌ی ده‌بێت له‌چ هه‌لومه‌رجێکی دیکه‌دا پێیان شاد بێت ؟؟
وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه له‌مکاته‌دا بۆ خوێنه‌ر خۆی جێده‌هێڵم ...
ماویه‌تی




